کوردستان

01:09 - 24/08/2019

ماڵی تاڵەبانی دەیانەوێت دەسەڵاتەكانی كۆسرەت رەسوڵ سنوردار بكەن‌

پەیسەر

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پلەی حزبی ژمارەیەك ئەندامی بەرزكردۆتەوە و ماڵی تاڵەبانیش دەیانەوێت دەسەڵاتەكانی تا دوای كۆنگرە سنوردار بكەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، لەماوەی رابردوودا كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی پلەی ژمارەیەك ئەندامی حزبەكەی لەئۆرگانە جیاوازەكان بەرزكردۆتەوە و بەشێك لەو كەسانەش ئەوانە بوون كە لەگەڵ بەرهەم ساڵح لەیەكێتی جیابوونەوە و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریان پێكهێنا.

ئەوەش ماڵی تاڵەبانی نیگەران كردووە، نوسراوی یەكێك لەو كەسانە دەست پەیسەرپرێس كەوتووە كەپێشتر كاندیدی هاوپەیمانی بووە بۆ پەرلەمان و لەئێستادا بەبڕیاری جێگری سكرتێری گشتی پلەی ئەندامی مەكتەبی لە مەكتەبی راگەیاندن پێ دراوە.

رۆژی 6/6/2018 كۆسرەت رەسوڵ بەبڕیاری 762 بریاریدا كە بەرزكردنەوەی پلە و گواستنەوەی بەرپرسانی حزبەكەی بەبێ رەزامەندی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ئەنجام نادرێت، بەوەش لەئێستادا تەنها ئەو دەتوانێت پلەی ئەندامانی یەكێتی بەرزبكاتەوە و گواستەوەیان لە ئۆرگانێكەوە بۆ ئۆرگانێكی تر پێ بكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، بریارەكانی ئەم دوایانەی كۆسرەت رەسوڵ نیگەرانی ماڵی تاڵەبانی لێكەوتۆتەوە و داوایانكردووە دەسەڵاتی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی سنورداربكرێت و هەموو پلە بەرزكردنەوە و كردنەوەی كۆمیتەی نوێ و ئۆرگانی تازە رابگیردرێت تا دوای ئەنجامدانی كۆنگرە.