کوردستان

12:10 - 24/08/2019

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم خولی ئەفسەری دەكاتەوە‌

پەیسەر

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم خولی ئەفسەری بۆ كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك پێك دەهێنێت.

بەگوێرەی نوسراوێك كە ژمارە 13596لە بەرواری 8/8/2019 بە واژۆی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم دەرچووە و كۆپیەكی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، لیژنەیەك پێكهێندراوە بەمەبەستی دیراسەكردنی كردنەوەی خولی ئەفسەری بۆ كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ.

بەپێی نوسراوەكە لیژنەكە لەلایەن سامی جەلال بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامیەتی راگرانی كۆلێژی پۆلیسی سلێمانی و هەولێر و داواكاری گشتی /دادگای هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و جێگری بەرێوەبەری هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ سەرۆكایەتی دەكرێت، و خولەكەش تایبەت دەبێت بەو كارمەندانەی كە خاونی بڕوانامەن.

خولی ئەفسەران ماوەیەكە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە و لە ساڵی 2014 راگیراوە، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ و بە سەرپەرشتی وەزارەتی ناوخۆ كارەكانی خولەكە دەستپێدەكاتەوە.

بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس لیژنەكە دوای هەڵسەنگاندنی رێوشوێنەكانی كردنەوەی كۆلێژ و دیاریكردنی خەرجیەكان بەراپۆرتێك وەزیری ناوخۆ ئاگادار دەكەنەوە.