کوردستان

10:00 - 13/12/2018

ئەمریكا لەسەر رۆژئاوای كوردستان هۆشداری دەداتە توركیا‌

پەیسەر

ئەمریكا هۆشداری دەداتە توركیا لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازی ئەو وڵاتە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.

كاپتن شون رۆبەرستۆن  وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن)، هۆشداری دا لە هەر هێرشێكی تاكلایەنە بۆ سەر ناوچەكانی باكوری رۆژئاوای سوریا و خۆرئاوای كوردستان، راشیگەیاند ئەوە جێگەی نیگەرانیە و قبوڵ ناكرێت، و هێزەكانی ئەمریكاش لەناوچەكە ڕووبەڕووی مەترسی دەكاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد، ئۆپەراسیۆنی سەربازی تاك لایەنە رەنگە ببێتە  هۆی لەناوبردنی بەرژوەندی هاوبەش بۆ سەقامگیری سنورەكان، دەشڵێت هەماهەنگی و گفتوگۆی نێوان ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و توركیا تاكە رێگاچارەی چارەسەری نیگەرانیەكانە. 

هۆشداریەكەی ئەمریكا دوای ئەوە دێت كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاند لەچەند رۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی نوێ دژی شەرڤانانی كورد لە باكوری سوریا ئەنجام دەدەن، بەڵام بەهیچ شێوەیەك هێزەكانی ئەمریكا ناكەنە ئامانج.

واشنتۆن پشتیوانی هێزە كوردیەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكات، ئەوەش ئەنكەرەی نیگەران كردووە بەهۆیەوە پەیوەندیەكانی نێوانیان ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی.


.

".