کوردستان

05:48 - 21/08/2019

ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ به‌رهه‌م ساڵح‌

پەیسەر


به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، له‌به‌رامبه‌ر فشاره‌كانی بافڵ تاڵه‌بانی و رێككه‌وتنی مه‌لابه‌ختیار و ماڵی تاڵه‌بانی، لێك نزیك ده‌بنه‌وه‌ و جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى یه‌كێتى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى بۆ جێگرى دووه‌م كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی خسووه‌ته‌ به‌رده‌م به‌رهه‌م ساڵح جێگرى دووه‌م، بۆئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی ناوه‌ندی بڕیار، له‌به‌رامبه‌ر ماڵی تاڵه‌بانی ببنه‌ خاوه‌نی یه‌ك پرۆژه‌ی یه‌كگرتوو، و له‌به‌رامبه‌ر فشاره‌كانی بافڵ تاڵه‌بانی و رێككه‌وتنی ئه‌م دوایانه‌ی مه‌لابه‌ختیار و ماڵی تاڵه‌بانی یه‌ك بگرن، كه‌ بێ ئاگاداری ئه‌وان مه‌لابه‌ختیار گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ ناو یه‌كێتی و پۆسته‌كه‌ی پێدراوه‌ته‌وه‌.

به‌رهه‌م ساڵح وه‌ڵامی كۆتایی كۆسره‌ت ره‌سوڵی نه‌داوه‌ته‌وه‌ و ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هاوشێوه‌ی ناوه‌ندی بڕیار له‌ناوه‌ڕاستی رێگا جیاببنه‌وه‌، به‌ڵام رایگه‌یاندووه‌ دیراسه‌ی ده‌كات، چاوه‌ڕێشه‌ ماڵی تاڵه‌بانی به‌فه‌رمی ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی له‌ كۆنگره‌ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ماڵی تاڵه‌بانی دڵنیایی نه‌ده‌نه‌ به‌رهه‌م ساڵح، به‌دوورنازاندرێت هاوپه‌یمانێتی ناوه‌ندی بڕیار دووباره‌بێته‌وه‌. كه‌ پێشتر كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح رایانگه‌یاندبوو دواتر هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

باڵه‌كانى یه‌كێتى له‌سه‌ر كۆنگره‌ ناكۆكن، ماڵى تاڵه‌بانى ده‌یانه‌وێت كۆنگره‌ى بێ ته‌واوفوق بكرێت و ئه‌ندامانى كۆنگره‌ بڕیاربده‌ن، به‌ڵام كۆسره‌ت ره‌سوڵ داواى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێش كۆنگره‌ رێككه‌وتن بكرێت. به‌رهه‌م ساڵحیش له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنى پێشوه‌خته‌.