کوردستان

04:28 - 21/08/2019

له‌ناوخۆى یه‌كێتى له‌سه‌ر كاندیدى پارێزگارى كه‌ركوك كێشه‌ درووستده‌بێت‌

پەیسەر

كاندیدى پارێزگارى كه‌ركوك له‌نێوخۆى یه‌كێتى جارێكى دیكه‌ كێشه‌ى له‌سه‌ر درووست ده‌بێت، كۆسره‌ت ره‌سوڵ داواى له‌ پارتى كردووه‌ پێدانى پۆستى پارێزگار به‌ ته‌یب جه‌بار رابگیرێت چونكه‌ كاندیدى هه‌موو یه‌كێتى نییه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه‌، له‌سه‌رداوای كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی، پارتی پێدانی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی به‌یه‌كێتی راگرتووه‌، سه‌رچاوه‌ى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، كۆسره‌ت ره‌سوڵ رایگه‌یاندووه‌ ته‌یب جه‌بار كاندیدی هه‌موو یه‌كێتی نییه‌ و كاندیدی ماڵی تاڵه‌بانییه‌. پارتیش به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی ناو یه‌كێتی-یه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردان ده‌كات.

پارتی ناوخۆى یه‌كێتى كردووه‌ به‌ بیانوو بۆ ئه‌وه‌ى رێوشوێنه‌كانى دیاریكردنى پارێزگار ى كه‌ركوك رابگرێت، پارتى پێیوایه‌ یه‌كێتى ناتوانێت له‌سه‌ر كاندیدێكی تر رێككه‌وتن بكات و له‌ئێستاشدا باڵه‌كانی ئه‌و حزبه‌ به‌هۆی كۆنگره‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیان ئاڵۆزبووه‌ ئه‌وه‌ش واده‌كات نه‌توانن فشار له‌سه‌رپارتی دروستبكه‌ن، بۆیه‌ له‌رێككه‌وتنی پێشوویان پاشه‌كشه‌ی كردووه‌.

رۆژی ١١ی ته‌موزی ئه‌مساڵ، مه‌حمود محه‌مه‌د گوته‌بێژی پارتی و حاكم قادر حه‌مه‌جان كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایانگه‌یاند، له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش رێككه‌وتوون بۆ پارێزگاری كه‌ركوك كه‌ ته‌یب جه‌باره‌.