کوردستان

04:21 - 20/08/2019

یه‌كێتی بۆ کۆبوونەوە ٢٠رۆژ مۆڵەت بە پارتی دەدات‌

پەیسەر

یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان داوایكردووه‌، پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ماوه‌ى ٢٠رۆژدا بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رمێزى گفتوگۆ، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى پارتى سێ جار داواكارى یه‌كێتى بۆ كۆبوونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك ره‌تكرده‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، له‌ماوه‌ی رابردوودا یه‌كێتی سێ جار به‌فه‌رمی داوای كۆبونه‌وه‌ی دووقۆڵی له‌پارتی كردووه‌، بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی پرسی پارێزگاری كه‌ركوك، به‌ڵام هه‌ر سێ جاره‌كه‌ پارتی به‌بیانووی جۆراوجۆر داواكارییه‌كه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى، له‌دوا په‌یامی یه‌كێتیدا ٢٠ رۆژی بۆ پارتی دیاریكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رمێزی گفتوگۆ و دوا هه‌ڵوێستی خۆی، له‌سه‌ر رێككه‌وتنی پێشوو و كاندیدكردنی ته‌یب جه‌بار بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ئاشكرا بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، پارتی سودی له‌ ناكۆكی باڵه‌كانی ناو یه‌كێتی بینیوه‌، بۆیه‌ هۆشدارییه‌كه‌ی یه‌كێتی به‌هۆشداری ماڵی تاڵه‌بانی ئه‌ژمارده‌كات، تاڕاده‌یه‌ك له‌رێككه‌وتنی پێشووی پاشه‌كشه‌ی كردووه‌.

رۆژی ١١-٧-٢٠١٩ مه‌حمود محه‌مه‌د گوته‌بێژی پارتی و حاكم قادر ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا رایانگه‌یاند، له‌سه‌ر كاندیدكردنی ته‌یب جه‌بار بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك رێككه‌وتوون، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ تا ئێستا جێبه‌جێنه‌كراوه‌.