کوردستان

05:04 - 19/08/2019

سه‌رۆكى حكومه‌ت وه‌ڵامى په‌یامه‌كه‌ى ئاشتى هه‌ورامى ده‌داته‌وه‌‌

پەیسەر

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، داوا له‌ئاشتی هه‌ورامی ده‌كات، كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت ئاگاداری سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێمى كوردستان بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، دوای ئه‌وه‌ی ئاشتی هه‌ورامى نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی نێچیرڤان بارزانی كرد، گوتبووى له‌سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم پرس و راوێژی پێناكرێت و ئاگاداری ناوه‌رۆكی پرۆژه‌ی رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد ده‌رباره‌ی نه‌وت نییه‌، نێچیرڤان بارزانی نیگه‌رانییه‌كانی ئاشتی هه‌ورامی گه‌یاندووه‌ته‌ مه‌سرور بارزانی.

مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر ئاشتى هه‌ورامى ده‌یه‌وێت ئاگاداری سیاسه‌تی نه‌وت بێت، با بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و له‌هه‌ولێر دابنیشێت، نه‌ك له‌ ئه‌وروپا بێت و بۆ هه‌موو شتێك پرسی پێبكرێت.

له‌ كابینه‌كانی پێشوو زۆربه‌ى كات، ئاشتی هه‌ورامی له‌ له‌نده‌ن-ه‌وه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتییه‌كانی به‌ڕێوه‌بردووه‌، به‌ڵام كابینه‌ى نوێى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران نایه‌وێت هه‌ورامى له‌ ده‌ره‌وه‌ كاره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رێـت، بۆیه‌ش هیچ زانیارییه‌كیان ده‌رباره‌ی نه‌وت و رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد بۆ نه‌ناردووه‌.

سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ده‌سه‌ڵاتى واژۆكردنى گرێبه‌ستى له‌ ئاشتى هه‌ورامى سه‌ندووه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بشگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى پێنادرێته‌وه‌، به‌ڵكو كاره‌كانى زۆرتر راوێژكارییه‌.