03:58 - 19/08/2019
شۆڕش حاجی وهڵامی راپۆرتێكی گۆڤاری پهیسهر دهداتهوه
شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری پەیسەر دەداتەوە و دەڵێت: "من زۆر زیاتر لەوەی ئێوە نوسیوتانە رەخنەم لە ئەدای رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن هەبوەو هەیە".
له راپۆرتهكهی پهیسهردا ههڵسهنگاندنێك بۆ كار و ئەدای خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنهوهی گۆڕان له ماوهی دوو ساڵی رابردوودا كردبوو.
شۆڕش حاجی ئهندامی خانهی راپهڕاندن له رونكردنهوهكهیدا دهڵێ: من زۆر زیاتر لەوەی ئێوە نوسیوتانە رەخنەم لە ئەدای رێکخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن هەبوەو هەیە.
هەمویم بە راپۆرتو نوسراوو قسەی روبەڕو لە کۆبونەوەکانی خانەو جڤات باسکردوە، نەک لە میدیا. بەڵام ئێوە لە یەکەم دێڕی رەخنەی راپۆرتەکەتانەوە بە شتێکی ناحەقو ناراست دەستانپێکردوە، کە گوایە ئێمە وەسیەتەکەی کاک نەوشیروانمان پێشێل کردوە.
ئەمەش دەقی وەڵامەکەی شۆرش حاجییە بۆ پەیسەر:
وەڵامێک بۆ راپۆرتە چەواشەکارییەکەی پەیسەر
بەڕێزان ئەندامانی بۆردی سایتو گۆڤاری پەیسەر
سڵاوو رێز
لە سایتی پەیسەرپرێس راپۆرتێکم خوێندەوە لەژێر ناوی "هەڵسەنگاندنێک بۆ دوو ساڵ کاری خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان"، کە بە ناوی پەیسەرپرێس نوسراوە. کەواتە ئێوەی بۆردی گۆڤارەکە/ سایتەکە لێی بەرپرسیارن. بۆیە بە پێویستم زانی چەند تێبینییەکی کورت لەسەر ئەم راپۆرتە بنوسم بۆتان.
یەکەم/ بێگومان من رەخنەم قبوڵەو هیچ کێشەیەکم لە رەخنە لێگرتن نیە. چونکە ئەوەی کار بکات رەخنەی لێدەگیرێو ئەوەشی بڕوای بە رەخنە نەبێت لای من کەسێکی نوقسانە. بەڵام رەخنەش کە ناڕاست بو نابێ قبوڵ بکرێ، بەڵکو دەبێ رەتبکرێتەوە.
دوەم/ من زۆر زیاتر لەوەی ئێوە نوسیوتانە رەخنەم لە ئەدای رێکخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن هەبوەو هەیە. هەمویم بە راپۆرتو نوسراوو قسەی روبەڕو لە کۆبونەوەکانی خانەو جڤات باسکردوە، نەک لە میدیا. بەڵام ئێوە لە یەکەم دێڕی رەخنەی راپۆرتەکەتانەوە بە شتێکی ناحەقو ناراست دەستانپێکردوە، کە گوایە ئێمە وەسیەتەکەی کاک نەوشیروانمان پێشێل کردوە. تۆ بڵێی نوسەری ئەم راپۆرتە ئەوەندە نەزان بێ کە نەزانێ خانەی راپەڕاندن ئەم ئەندامانەی خانەی هەڵنەبژاردوە، بەڵکو جڤاتی نیشتیمانی خانەی هەڵبژاردوە؟ بۆیە ئەگەر رەخنە لە پێشێلکردنی وەسیەتی کاک نەوشیروان هەبێ ئەوە جڤاتی نیشتیمانی کردویەتی. من ئەو کاتە نە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بومو نە حەقی دەنگدانیشم هەبوە.
سێیەم/ لە بەشێکی تری راپۆرتەکەتان نوسیوتانە"خانەی راپەڕاندن نەیتوانیوە وەک پێویست سیاسەتو بەرنامەی گۆڕان روون بکەنەوە. هیچکام لە ئەندامانی خانە توانای وتاردانی باشیان نیە، تاقەتو مەیلی چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانیان نیە".
لەوە دەچێ نوسەری ئەم راپۆرتە ئاگای لە دنیا نەبێو شت نەخوێنێتەوەو تەنانەت موتابەعەی میدیای گۆڕانیش نەکات. با بچێ سەیری ئەرشیفی کەی ئێن ئێنو تەلەفزیۆنی روداوو سایتی سبەیو کەی ئێن ئێن سی بکات تاکو بزانێ لە دو ساڵی رابردو من چەند چاوپێکەوتنم کردوە؛ چەند تەسریحم لەسەر هەڵوێستی گۆڕانو روداوەکان داوە، چەند وتاری فیکریو سیاسیم لەسەر هەڵوێستو دیدی گۆڕان نوسیوەو بڵاو کردۆتەوە؟ جگە لەوانەش من لە دو ساڵی رابردو لە ئیبراهیم خەلیلو زاخۆوە تا دهۆکو شیلادزێو ئاکرێ، تا هەولێرو کۆیەو دوکان، تا کەرکوکو چەمچەماڵ، تا کەلارو کفری، تا هەڵەبجەو پێنجوێن، تا چوارتاو ماوەت، تا رانیەو قەڵادزێ، تا شەقڵاوەو سۆرانو چۆمان کۆبونەوەی فراوانم لەگەڵ هەڵسوڕاوو کەسایەتی ئەو شارانەش کردوە. لە کۆبونەوەکانیشدا بێگومان باسی دیدو هەڵوێستی گۆڕانم کردوە.
هەموتان باش دەزانن من بە کردەوە، نەک بەناو، لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕانمو دەزانم بۆچیو چۆن بزوتنەوەی گۆڕانمان دروستکردوە! من بە پارەو بۆ پارە نەهاتوم لەناو گۆڕان کار بکەم!
نامەوێ باسی خۆم بکەم، بەڵام ئەوەندە دەڵێم کە رێژەیەکی زۆری خەڵکی کوردستان، لەوانەی موتابەعەی هەواڵو روداوەکانی کوردستان دەکەن، گەواهی سەرکەوتویی ئوسلوبی چاوپێکەوتنو وتاردانی من بە زمانی کوردیو عەرەبیو ئینگلیزی دەدەن.
ئەوەندە ماوە بیڵێم، بێ ئاگایی نوسەری ئەم راپۆرتە لە فیکرو سیاسەتو ئەدەبیاتی بزوتنەوەی گۆڕان لەوەوە دیارە کە نازانێ لە هیچ ئەدەبیاتێکی گۆڕاندا وشەی بزوتنەوەی گۆڕان، کە ئەمە ناوەو دەبێ وەک خۆی بنوسرێ، بە دو واو نەنوسراوە.
چوارەم/ داواکارم ئەم بابەتەم وەک خۆی لە سایتو گۆڤارەکەتان لەو شوێنەی راپۆرتەکەتان تێدا دانابو بڵاوبکەنەوە، کە مافێکی خۆمە. هەروەها داوا دەکەم ئێوە یان نوسەری ئەم راپۆرتە بە فەرمی داوای لێبوردنم لێبکات. بەپێچەوانەوە ناچارم بەدوای نوسەری ئەم راپۆرتەدا بگەڕێمو بەو شێوازەی خۆم بەباشی بزانم مامەڵەی لەگەڵ دەکەم. چونکە ئەمەی لەسەر من بڵاوتان کردۆتەوە دەچێتە خانەی بوختانو سوکایەتی پێکردن.
لەگەڵ رێزی
شۆڕش حاجی
١٨/٨/٢٠١٩