کوردستان

01:35 - 19/08/2019

بڕیارێكى موقته‌دا سه‌در له‌ زیانى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان‌

پەیسەر

موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكى ره‌وتى سه‌در، پێچه‌وانه‌ى ساڵى رابردوو هه‌ڵوێستى گۆڕیوه‌و دژى دیاریكردنى پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ یاساى بوودجه‌، به‌بێ راده‌ستكردنى نه‌وت، ئه‌و په‌یامه‌شى به‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان گه‌یاندووه‌، كه‌ پاره‌ بۆ هه‌رێم نه‌نێرن.

ساڵی رابردوو موقته‌دا سه‌در فشاری كرد، تا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌بێ راده‌ستكردنی نه‌وت له‌بوودجه‌ی ئه‌م ساڵدا چه‌سپا، به‌ڵام بۆ ئه‌م ساڵ پشتی له‌هه‌رێم كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ساڵی رابردوو به‌ فشاری موقته‌دا سه‌در بڕگه‌یه‌ك له‌ بودجه‌ی ساڵی ٢٠١٩ چه‌سپێندرا كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وتیش راده‌ست نه‌كات، ئه‌وه‌ به‌غداد به‌شێك له‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكات.

فشاره‌كه‌ی سه‌در له‌رێگه‌ی حه‌سه‌ن عاقولی سه‌رۆكی فراكسیۆنى سه‌دره‌وه‌ بووه‌، ته‌نانه‌ت له‌كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان عاقولی رایگه‌یاندبوو، به‌بریاری سه‌در بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هێڵی سوره‌، به‌ڵام بۆ ئه‌م ساڵ هه‌ڵوێستی سه‌در به‌ته‌واوه‌تی پێچه‌وانه‌وه‌ بۆته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، سه‌در له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌، كه‌ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ هیچ بڕه‌پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێم نه‌نێرن به‌بێ راده‌ستكردنی نه‌وت.