کوردستان

05:40 - 18/08/2019

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران لیژنه‌یه‌ك ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كات‌

پەیسەر

بڕیاره‌ شاندێكى ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سه‌ردانی هه‌رێمى كوردستان بكات و سێ ئه‌ندامی كوردیش له‌ شانده‌كه‌دا ده‌بن. شانده‌كه‌ راپۆرتێك ئاماده‌ده‌كات و بۆ ئاماده‌كردنى بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو سوودى لێوه‌رده‌گیرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ستیكه‌وتووه‌، بڕیاره‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، چه‌ند رۆژى ئاینده‌، ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. 

به‌پێى زانیارییه‌كان، سه‌ردانه‌كه‌ به‌ ئامانجى ئاگاداربوونی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق-ه‌، له‌ كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد و بۆ چاودێریكردنی دانوستانه‌كان و یارمه‌تیدانی چاره‌سه‌ریانه‌.

بڕیاره‌ شانده‌كه‌ سێ ئه‌ندامی كوردی تێدابێت، به‌دواداچوون بۆ پرسی كێشه‌ داراییه‌كان، هه‌نارده‌ی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی، دۆسیه‌ی قه‌رزه‌كان و داهاته‌ فیدراڵییه‌كان ده‌كه‌ن، دوای گه‌ڕانه‌وه‌شیان راپۆرتێك بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌، راپۆرته‌كه‌یان كاریگه‌رى له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی بوودجه‌ و پشكی هه‌رێم له‌ بوودجه‌ی ساڵی داهاتووی عێراق ده‌بێت.

تا ئێستا هه‌رێم و ناوه‌ند له‌سه‌ر پرسى بوودجه‌ رێكنه‌كه‌وتوون، بڕیاره‌ چه‌ند رۆژى داهاتوو چه‌ند شاندێك له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن.