کوردستان

05:14 - 18/08/2019

توركیا و ئێران له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى كه‌ركوك ناكۆكن‌

پەیسەر

پارتی و توركیا پشتیوانی دواخستنی هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك-ن، یه‌كێتی و ئێران-یش پشتیوانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك ده‌كه‌ن، له‌ یه‌كى نیسانى داهاتوو.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون، له‌ئێستادا پارتی و یه‌كێتی لۆبی ده‌رباره‌ی دواخستن یاخود ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك توركیا و پارتی كار بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌كه‌ن و ئێران و یه‌كێتیش ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی تر له‌ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو به‌رێوه‌بچێت.

به‌گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس، له‌ئێستادا عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، خراوه‌ته‌ ژێر فشاری هه‌ردوو به‌ره‌كه‌، هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یه‌وێت داواكارییه‌كه‌ی ئه‌و په‌سه‌ندبكات. له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی كه‌ركوك، عه‌ره‌به‌كان پشتیوانی داواكاری یه‌كێتی و توركمانه‌كانیش پشتیوانی داواكاریه‌كه‌ی پارتی ده‌كه‌ن.

به‌پێى هه‌موارى نوێى یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، ده‌بێت رۆژى یه‌كى نیسانى ساڵى داهاتوو هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق به‌ كه‌ركوك-یشه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام پارتى هه‌وڵى دواخستنى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌دات.