04:34 - 18/08/2019
كۆسره‌ت ره‌سوڵ داوایه‌ك له ماڵى تاڵه‌بانى ده‌كات
كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگرى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى نیشتیمانی كوردستان، ده‌رباره‌ی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د داواكارییه‌ك ئاڕاسته‌ی ماڵی تاڵه‌بانی ده‌كات، ماڵی تاڵه‌بانیش داواكارییه‌كه‌ی ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی داوای له بافڵ تاڵه‌بانی كردووه، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بێده‌نگ بكه‌ن یاخوود سڕی بكه‌ن، به‌ڵام ماڵی تاڵه‌بانی داواكارییه‌كه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه و رایانگه‌یاندووه، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش وه‌ك هه‌ر ئه‌ندامێكی تری یه‌كێتی، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ره‌خنه له‌خراپی دۆخی یه‌كێتی بگرێت.
سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، كۆسره‌ت ره‌سوڵ رایگه‌یاندووه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای نه‌خۆشكه‌وتنی تاڵه‌بانی-یه‌وه ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بووه داوای به‌ستنی كۆنگره‌ی كردووه،"به‌ڵام خه‌ڵكانێكی وه‌ك شاناز رایانگه‌یاندووه، تا یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی ته‌ندروستی مام جه‌لال نابێت باسی ئه‌و پرسه بكرێت".
له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، نامه‌یه‌كی كراوه‌ی بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری یه‌كێتی نارد و تێیدا رایگه‌یاند، چیتر چاوه‌ڕوانی ئه‌و ناكه‌ن بۆ دیاریكردنی رۆژی به‌ستنی كۆنگره، نوسیبووى، یه‌كێتی كه‌سی لێ زیاد نییه و له‌سه‌ر كه‌سیش په‌كی نه‌كه‌وتووه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه، كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێیوایه نامه و فشاره‌كانی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ماڵی تاڵه‌بانی له پشته.