کوردستان

02:31 - 16/08/2019

حكومه‌تی عێراق دوو پرۆژه‌ له‌ئیداره‌ی راپه‌ڕین جێبه‌جێ ده‌كات‌

پەیسەر

له‌سه‌ر بوودجه‌ى فیدراڵى عێراق، دوو پرۆژه‌ له‌ رانیه‌و قه‌ڵادزێ جێبه‌جێده‌كرێت. به‌گوته‌ى سه‌رۆكى ئیداره‌ى راپه‌ڕین، دواى جه‌ژن پرۆژه‌كان ده‌درێت به‌ به‌ڵێنده‌ر. سه‌باره‌ت به‌ مه‌رزى كێڵیش ده‌ڵێت، چاوه‌ڕێن رێكاره‌كان له‌ به‌غداوه‌ كۆتاییان بێت.

هیواقه‌ره‌نی سه‌رۆكی ئیداره‌ی راپه‌ڕین، به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا كۆماری ئیسلامی ئێران، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی مه‌رزی كێلێ ده‌ربڕیووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ست بكه‌ن له‌به‌غدا ئاسته‌نگیك بۆ ئه‌و رێكارانه‌ دروست بكرێت، ئه‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن.

سه‌رۆكی ئیداره‌ی راپه‌رین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ند جارێك حكومه‌تی به‌غداد داوای له‌ئێران كردووه‌، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی مه‌رزی كێلێ و كشانه‌وه‌ به‌قوڵایی ٣٥٠ مه‌تر ده‌ربڕێت، تاران ئه‌مجاره‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌نێوده‌وڵه‌تیكردن و كشانه‌وه‌ش پیشاندا و ئه‌و هه‌نگاوه‌ش له‌وه‌ڵامی نوسراوه‌كانی پێشووی به‌غداد بووه‌.

قەرەنی دەڵێت:"بۆیه‌ هیچ بیانوویه‌ك له‌به‌رده‌م به‌غداد نامێنێت، ئه‌و مه‌رزه‌ به‌نێوده‌وڵه‌تی نه‌ناسێنێت چونكه‌ خۆیان داوایان له‌ئێران كردووه‌ مه‌رزه‌كه‌ به‌فەرمی بناسێنێت، خۆشیان چه‌ندین جار لیژنه‌یان ناردووه‌ بۆ سه‌ردان ئێستا ئێران وەڵامی داوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ گه‌شبینین كه‌ له‌به‌غداش كاره‌كان به‌باشی به‌ڕێوه‌بچێت".

له‌بوودجه‌ی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق-دا له‌ده‌ره‌وه‌ی پشكی هه‌رێم سێ ملیار دینار بۆ ئیداره‌ی راپه‌رین ته‌رخانكرا، ملیارێک بۆ رانیه‌ و دوو ملیاریش بۆ قه‌ڵادزێ بوو، سه‌رۆكی ئیداره‌ی راپه‌رین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وه‌ی بۆ قه‌ڵادزێ ته‌رخانكراوه‌ له‌رێگه‌ی پارێزگاری سلێمانیه‌وه‌ پرۆپۆزه‌ڵی بۆ ئاماده‌كراوه‌ و رێكاره‌كانی ئه‌نجامدراون و پاره‌كه‌ش بۆ رێگاوبان خه‌رج ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی رانیه‌ش پاره‌كه‌ی له‌وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراقه‌ و پاره‌كه‌ بۆ بواری ته‌ندروستی خه‌رجده‌كرێت.

گوتیشی، چه‌ند رێكارێكی مابوو له‌چه‌ند رۆژێك به‌رله‌هاتنی جه‌ژن به‌غدا داوای ره‌زامه‌ندی ژینگه‌ و شوێنه‌وار و رێگاوبان و بەڕێوەبەرایەتی ئاویان كردبوو، ره‌زامه‌ندی ئه‌و شوێنانه‌ش وه‌رگیراو ره‌وانه‌كراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت دوای جه‌ژن بدرێن به‌ به‌ڵێنده‌ر.