کوردستان

01:40 - 16/08/2019

كۆمپانیای قه‌یوان: حكومه‌ت خۆى داوایلێكردووین ١٠٠مه‌تریی سلێمانی جێبه‌جێ بكه‌ین‌

پەیسەر

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی كۆمپانیای قه‌یوان رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی هه‌رێم داوای لێكردوون شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری جێبه‌جێ بكه‌ن ئه‌وان داوایان نه‌كردووه‌، ئاماده‌كارییه‌كانیان ته‌واوكردووه‌ بۆئه‌وه‌ى دواى پشووه‌كانى جه‌ژن ده‌ست به‌ پرۆژه‌كه‌ بكه‌ن.

ئه‌له‌ند مه‌حوی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی گروپی كۆمپانیاكانی قه‌یوان به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند له‌ئێستادا چاوه‌ڕوانی فه‌رمانێكی وه‌زاره‌تی شاره‌وانین بۆ ده‌ستبه‌كاربوون له‌شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری سلێمانی و به‌هۆی پشووی جه‌ژنه‌وه‌ دواكه‌وتووه‌،"هه‌ركاتێك فه‌رمانه‌كه‌ ده‌ربچێت ده‌ستپێده‌كه‌ین، له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران مامه‌ڵه‌كه‌ ته‌واوبووه‌ و كۆمپانیای قه‌یوان ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كانی ته‌واوكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستپێ بكه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌قۆناغه‌كانی پرۆژه‌كه‌ مه‌حوی رایگه‌یاند، له‌ئێستادا حكومه‌ت بڕیاریداوه‌ پاره‌ ته‌نها بۆ قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه‌ ته‌رخانبكات و هه‌ركاتێك بڕیاردرا قۆناغه‌كانی تر جێبه‌جێبكرێن، ئه‌و كاته‌ حكومه‌ت خۆی بڕیار ده‌دات كێ جێبه‌جێی بكات.

به‌ڕێوه‌به‌ری راگەیاندنی قەیوان ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، حكومه‌ت خۆی داوای له‌ كۆمپانیای قه‌یوان كرد، جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌ئه‌ستۆبگرێت چونكه‌ پێشتر درابوو به‌سێ كۆمپانیای توركی و ئه‌وان نه‌یانتوانی جێبه‌جێی بكه‌ن،"ئێمه‌ نزیكه‌ی ١٠٠ ملیار دینار له‌ پرۆژه‌كه‌ خه‌رج ده‌كه‌ین، بێئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بكه‌ین سولفه‌ له‌حكومه‌ت وه‌ربگرین دوای ئه‌وه‌ پاره‌ له‌حكومه‌ت وه‌رده‌گرین".

به‌هۆى گۆڕانكارى له‌ گوژمه‌ى پرۆژه‌كه‌دا ئه‌و كۆمپانیا توركییه‌ى كه‌ شه‌قامى ١٠٠ مه‌ترى سلێمانى وه‌رگرتبوو مانگى رابردوو ده‌ستبه‌ردارى پرۆژه‌كه‌ بوو، حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاریداوه‌ كۆمپانیاى قه‌یوان پرۆژه‌كه‌ جێبه‌جێبكات.