کوردستان

06:35 - 12/12/2018

ناوەرۆكی كۆبونەوەكەی گۆڕان و پارتی‌

پەیسەر

پارتی و گۆڕان پرسی ئەنجامدانی چاكسازی و ئایندەی ناوچە جێناكۆكەكانیان تاوتوێكرد و پەیسەرپرێس ناوەرۆكی كۆبونەوەكەیان ئاشكرا دەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان كە بەشداری كۆبونەوەكە بووە دەستی كەوتووە، كۆبونەوەكەی رۆژی چوارشەممەی پارتی و گۆڕان لەسەر داوای پارتی بووە و لەكۆبونەوەكەشدا، بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەیەكی بۆ چاكسازی پێبووە و رادەستی پارتی كردووە و وەفدی پارتی پرۆژەكەیان بەگرنگ زانیوە.

سەرچاوەكە دەڵێت بزوتنەوەی گۆڕان دیدی خۆی سەبارەت بەناوچە جێناكۆكەكان خستۆتەڕوو كە دەبێت كورد لە چوارچێوەی دەستوری عێراق هەوڵ بدات كێشەكانی لەو ناوچانە چارەسەر بكات بۆ ئەوەی ئەزمونی رابردوو دووبارەنەبێتەوە، و وەفدی پارتیش پشتیوانی بۆچوونەكەیان كردووە.

سەبارەت بە تێڕوانینی پارتی سەرچاوەكە رایگەیاند: وەفدی پارتی رایانگەیاندووە كە كاتی ئەنجامدانی چاكسازی هاتووە و ئەنجامدانی چاكسازیش بەبێ بەشداری گۆڕان لەحكومەت ناكرێت ، وەفدی گۆڕان رایگەیاندووە ئەوەی بەلایانەوە گرنگە كارنامەی حكومەت و چاككردنی دۆخی بژێوی خەڵك و فەرمانبەران و موچەخۆران و دەستپێكردنەوەی پرۆژە خزمەتگوزاریەكانە.

هەمان رۆژ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە وتارێكدا كە لەشاری دهۆك پێشكەشی كرد رایگەیاند: حكومەتێكی بەهێز پێكدەهێنن و چاكسازی گەورەش دەكەن.
بەگوێرەی زانیاریەكان لەكۆبونەوەكەدا باسی دابەشكردنی پۆستەكان نەكراوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا جڤاتی نیشتمانی بۆ بڕیاردان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردن لەحكومەت كۆببێتەوە.

رۆژی چوارشەممە وەفدێكی گۆران كە لە (عومەر سەید عەلی  و رەووف عوسمان و مستەفا سەید قادر و شۆرش حاجی و جەلال جەوهەر) پێكهاتبوو لەشاری هەولێر لەگەڵ وەفدێكی پارتی كۆبونەوە كە لە( نێچیرڤان بارزانی و كاكەمین نەجار و هۆشیار زێباری و مەحمود محەمەد و رێبوار یەڵدا و عێزەدین بەرواری) پێكهاتبوون.