کوردستان

02:48 - 15/08/2019

پێنج به‌رپرسى پارتى له‌ ناكۆكییه‌كانى حزبه‌كه‌یان بێلایه‌نى هه‌ڵده‌بژێرن‌

پەیسەر

پێنج ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، له‌ناكۆكییه‌كانى نێوان مه‌سرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان، بێلایه‌نى هه‌ڵده‌بژێرن، گوتوشیانه‌ داواى هیچ پۆستێك ناكه‌ن.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ماوه‌ی رابردوودا ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، هه‌وڵیانداوه‌ نێوه‌ندگیری بكه‌ن له‌نێوان مه‌سرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی شكستیان هێناوه‌ بڕیاریانداوه‌ بێلایه‌ن بن.

ئه‌و به‌رپرسانه‌ى پارتى بریتین له‌ رۆژ نوری شاوه‌یس، هۆشیار زێباری، ئازاد به‌رواری، كه‌مال كه‌ركوكی و فازڵ میرانی. سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت ناكۆكی له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ی پارتی هه‌یه‌ كه‌ تائێستا كاندیده‌كانیان یه‌كلایی نه‌بوونه‌وه‌، به‌ڵام ناكۆكییه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌سه‌ر پۆستى راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمه‌(پۆستی پێشووی مه‌سرور بارزانی).

به‌پێی زانیاریه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌، ئه‌و پێنج ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایانگه‌یاندووه‌، داوای هیچ پۆستێك ناكه‌ن و ناشبن به‌ به‌شێك له‌ململانێ و بێده‌نگ ده‌بن. چاوه‌ڕوانده‌كرێت مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی، قسه‌ی كۆتایی بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ بكات.