کوردستان

02:32 - 15/08/2019

چه‌ند ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوا له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو بۆ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی دیاری بكات.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوایانكردووه‌، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو مه‌كته‌بی سیاسی كۆببێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ كاندیدی پۆستی بریكاری وه‌زیر و راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییه‌كان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی گومان ده‌كه‌ن، به‌نهێنی كاندیده‌كان له‌نێوان باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ماڵی تاڵه‌بانی یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی پێشتر دیاریكرابوو نه‌یتوانی كاندیده‌كان دیاریبكات، لیژنه‌یه‌كی دووقۆڵی له‌ قوباد تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێكهات بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ى ناوی كاندیده‌كان.

به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌، ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند، سیڤییان بۆ پۆسته‌ حكومییه‌كان پڕكردووه‌ته‌وه‌ و چاودێری چۆنێتی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كاندیده‌كانیش ده‌كه‌ن.

یه‌كێتى تائێستا كاندیده‌كانى بریكارى وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و راوێژكارى یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داواى له‌ لایه‌نه‌كان كردووه‌، هه‌فته‌ى داهاتوو ناوى كاندیدى ئه‌و پۆستانه‌ى راده‌ست بكه‌ن.