کوردستان

01:45 - 15/08/2019

ئاشتی هه‌ورامی نامه‌یه‌كى نیگه‌رانیى بۆ نێچیرڤان بارزانى ده‌نێرێت‌

پەیسەر

ئاشتی هه‌ورامی یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى وزه‌، له‌نامه‌یه‌كدا بۆ نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت، ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێم له‌بواری وزه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدان.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ئاشتی هه‌ورامی له‌نامه‌یه‌كدا بۆ نێچیرڤان بارزانی نیگه‌رانی خۆی له‌سیاسه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌بواری وزه‌ ئاشكراكردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌ له‌گفتوگۆكانی ئێستای هه‌رێم و به‌غداد هیچ پرسێكی پێ ناكرێت و ئاگاداری ناوه‌رۆكی كۆبونه‌وه‌كان و رێككه‌وتنه‌كان نیه‌.

هه‌ورامى رایگه‌یاندووه‌، كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌سه‌ڵاتی واژۆكردنی رێككه‌وتنی لێسه‌ندووه‌ته‌وه‌ و ده‌شیانه‌وێت پێداچوونه‌وه‌ به‌گرێبه‌سته‌كانی پێشوو بكه‌ن، ته‌نها سه‌رۆكی حكومه‌تیش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ گرێبه‌ست له‌بواری وزه‌ واژۆ بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ئاشتی هه‌ورامی داوای له‌ نێچیرڤان بارزانی كردووه‌ رێگه‌نه‌دات ته‌واوی نه‌وتی هه‌رێم راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت، هۆشداریشیداوه‌ له‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی بواری نه‌وت و وزه‌ی كابینه‌كانی پێشوو له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدان.

ده‌سه‌ڵاته‌كانى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان، ئێستا له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئاشتى هه‌ورامى به‌ فه‌رمانى سه‌رۆكى حكومه‌ت كراوه‌ته‌ یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى وزه‌.