کوردستان

01:52 - 14/08/2019

سێ شاندى حكومه‌تى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

بڕیاره دوای پشووه‌كانى جەژن، سێ شاند له‌ هەرێمى كوردستانه‌وه‌ سەردانی بەغدا بکەن، پەیسەرپرێس زانیاری دەربارەی دانوستانەکان بڵاودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیسەرپرێس لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستیکەوتووە، دوای جەژن حکومەتی هەرێم بەسێ شاند، دانوستان لەگەڵ بەغدا دەکات، هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى، شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌، خالید شوانى وه‌زیرى هه‌رێم، سه‌رپه‌رشتى شاندێك ده‌كه‌ن.

به‌پێى زانیارییه‌كان شاندێك بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، بۆ پرسی بوودجەی ساڵی ۲۰۲۰ و شانده‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ش له‌سه‌ر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕاوەکان و مووچەی پێشمەرگە گفتوگۆ ده‌كه‌ن، خالید شوانی-ش سه‌رپه‌رشتى شاندێك ده‌كات بۆ گفتوگۆ دەربارەی جێبەجێکردنی مادەی ۱٤۰.

سەرچاوەکەی پەیسەرپرێس دەڵێت، دوای سەردانەکەی شانده‌كانى هەرێم شاندێکی عێراق دێتەوە بۆ هەولێر، پێدەچێت لەوێ رێککەوتنی کۆتایی بکرێت، بڕیارە سەرۆکی حکومەت چاودێری و جێگرەکەی سەرپەرشتی دانوستانەکان بکەن.

كۆتایى مانگى رابردوو، شاندى باڵاى هه‌ردوو حكومه‌تى عێراق و هه‌رێم له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌، بڕیاریاندا كه‌ لیژنه‌ هونه‌رییه‌كانى هه‌ردوولا له‌پێناوى رێككه‌وتن كۆبوونه‌وه‌كانیان ده‌ستپێبكه‌ن.