کوردستان

04:40 - 13/08/2019

بۆچوونى پێنج وڵات له‌سه‌ر درووستكردنى ئه‌نجومه‌نى سیاسى له‌ هه‌رێم‌

پەیسەر

پێنج وڵات بیرۆكه‌ى دروستكردنى ئه‌نجومه‌نێكى سیاسییان له‌ هه‌رێمى كوردستان لا په‌سه‌ند نییه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ داوا ده‌كه‌ن دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان هه‌رێمه‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رن نه‌ك حزبه‌ سیاسییه‌كان.

پارتى له‌ماوه‌ى رابردوودا جموجوڵى ده‌ستپێكردبوو بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نێكى سیاسى له‌ پارته‌سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دروستبكرێت و مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بێت، به‌وه‌ش بارزانى رۆڵى مه‌رجه‌ع بگیڕێت و ده‌ستبه‌ردارى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى پارتى ببێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ دوای ئه‌و هه‌وڵه‌ حكومه‌تی عێراق، توركیا، ئێران، ئه‌مریكا و به‌ریتانیا رایانگه‌یاندووه‌، دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌ن و نایانه‌وێت له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كارێكى وه‌ها رووبدات.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت حكومه‌تی به‌غدا رایگه‌یاندووه‌، ئه‌وان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سێ دامه‌زراوه‌كه‌ی هه‌رێم ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌و سێ دامه‌زراوه‌یه‌ش به‌ ده‌ستوری و یاسایی ده‌ناسن، بۆ هه‌ر گفتوگۆیه‌كیش جگه‌ له‌و سێ دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌ت، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ ده‌زگایه‌كی تردا ناكه‌ن.

به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌، ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ پارتی هه‌وڵه‌كانی بۆ دروستكردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ رابگرێت، یان هه‌وڵی گۆڕینی بۆچوونی ئه‌و وڵاتانه‌ بدات.

مه‌سعود بارزانی له‌ساڵی ٢٠٠٥ وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بوو، مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠١٧ ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌. پێشتر پارتى دوور له‌چاوى میدیاكان له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێك درووستكردنى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ى تاووتوێكردبوو.