کوردستان

02:13 - 11/08/2019

مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى پرۆژه‌یه‌ك بۆ سزادانى چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى حیزبه‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كات‌

پەیسەر

مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتمانى پرۆژه‌یه‌كى بۆ سزادانى چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى حیزبه‌كه‌ ئاماده‌ك ده‌كات، كه‌ ره‌نگه‌ رێگه‌ به‌سزادراوان نه‌درێت به‌شدارى كۆنگره‌ بكه‌ن.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار دراوه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس، مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى پرۆژه‌یه‌كه‌ بۆ سزادانى چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى حیزبه‌كه‌، به‌تایبه‌تى ئه‌و سه‌ركردانه‌ى ره‌خنه‌ى توند له‌سیاسه‌ته‌كانى یه‌كێتى ده‌گرن.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان پرۆژه‌كه‌ له‌مه‌كته‌بى سیاسى تاوتوێكراوه‌و بۆ په‌سه‌ندكردنیشى خراوه‌ته‌ به‌رده‌م كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگرى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى، كه‌ خودى ئه‌ویش پشتگیرى پرۆژه‌كه‌ ده‌كات.

په‌یسه‌رپرێس زانیویه‌تى له‌یه‌كێك له‌پێشنیازه‌كان بۆ سزادانى ئه‌و سه‌ركردانه‌، دوورخستنه‌وه‌ له‌و پۆسته‌ حیزبییه‌ى هه‌یه‌تى، هه‌روه‌ها رێگریكردنییه‌تى له‌به‌شداریكردنى له‌كۆنگره‌ى داهاتووى یه‌كێتى.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌ دیاترین ئه‌و سه‌ركردانه‌ى پێشنیازى سزدانیان كراوه‌، مه‌لا به‌ختیار كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسى‌و شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د لێپرسراوى رێكخستنه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى.

مه‌لا به‌ختیارو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌دو چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى ترى یه‌كێتى ماوه‌یه‌كى زۆره‌ به‌هۆى ناڕازبوونیان له‌سیاسته‌كانى حیزبه‌كه‌یان ره‌خنه‌ى توند ده‌گرن‌و ئه‌وه‌ش به‌رپرسانى یه‌كێتى نیگه‌ران كردووه‌.