کوردستان

07:43 - 09/08/2019

گفتوگۆكانى تایبه‌ت به‌دانانى پارێزگاری كه‌ركوك راگیراوە‌

پەیسەر

گفتوگۆكان تایبه‌ت به‌دانانی پارێزگاری نوێی كه‌ركوك راگیراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوایه‌كى حكومه‌تى ناوه‌ندى عێراق له‌به‌غدا.

به‌پێى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار، حكومه‌تى عێراق له‌به‌رانبه‌ر كاردانه‌وه‌ى پێكهاته‌كان داوایكردووه‌، كه‌ گفتوگۆكان‌ و هه‌نگاوه‌كانى كاندیدكردنى ته‌یب جه‌بار بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان و پارتی دیموكراتى كوردستان رابگیرێت.

هه‌ر به‌پێى سه‌رچاوه‌كه‌، گفتوگۆو هه‌نگاوه‌كان ناڕه‌زایی گه‌وره‌ی لاى پێكهاته‌كانی ترى كه‌ركوك دروستكردووه‌و دژى وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی داوای له‌سه‌ركردایه‌تی سیاسى هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌كه‌ دوابخرێت.

مانگى رابردوو پارتى و یه‌كێتى رێككه‌وتن به‌كاندیكردنى ته‌یب جه‌بار، بۆ پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش به‌گفتوگۆو هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى ترى كه‌ركوك‌ و حكومه‌تى عێراق، كه‌ له‌و باره‌شه‌وه‌ گفتوگۆكان به‌رده‌وامى هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراشیكردووه‌، كه‌ یه‌كێتی ده‌یه‌وێت دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بكرێت و به‌و زۆرینه‌یه‌ی كورد له‌ناو ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ هه‌یه‌تی پۆستی پارێزگار یه‌كلابكرێته‌وه‌، به‌ڵام پارتی له‌سه‌ر داوای عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌وه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌و جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ قه‌یرانى تر بۆ كه‌ركوك زیاد ده‌كات.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ بڕۆن، ئه‌وه‌ تاكاتی به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان له‌ساڵى داهاتوو راكان جبووری له‌پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك ده‌مێنێته‌وه‌، یان كاندیده‌كه‌ى كورد به‌كه‌سێكى تر بگۆڕێت، كه‌ پێكهاته‌كانى تر قبووڵیان بێت.