04:46 - 08/08/2019
بڕیاردراوە لیژنەیەكی دووقۆڵی لە كۆسرەت رەسوڵ و قوباد تاڵەبانی پێكبهێنرێت
یەكێتی
شكستی هێنا لە دیاریكردنی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكانی بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزارەت
و راوێژكارەكان و لیژنەیەكی دووقۆڵی لە نێوان کۆسرەت ڕەسوڵ و قوباد تاڵەبانى پێکدەهێنرێت.
بەپێی
ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتوون، لەچەند رۆژی
رابردوودا لیژنەیەكی یەكێتی بە سەرۆكایەتی رزگار عەلی بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن و
ئەندامیەتی ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتی هەوڵیانداوە لەو هەزار سیڤیەی بۆیان نێردراوە
ژمارەیەك كاندید دیاری بكەن، بەڵام دوای ئەوەی باڵی كۆسرەت رەسوڵ و باڵی ماڵی تاڵەبانی
بە كاندیدەكانی یەكتر رازی نەبوون، لیژنەكە كارەكانی هەڵپەساردووە و بڕیاردراوە لیژنەیەكی
دووقۆڵی لە كۆسرەت رەسوڵ و قوباد تاڵەبانی پێكبهێنرێت و پێکەوە كاندیدەكان یەكلابكەنەوە.
سەرچاوەكەی
پەیسەرپرێس دەڵێت، مەسرور بارزانی فشارى لەسەر حزبەكان دروستکردووە بۆ ئەوەی دوای
جەژنی قوربان راستەوخۆ حزبەكان ناوی كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكانی بەڕێوەبەری گشتی و
بریكاری وەزارەت و شارەزا و راوێژكارەكان رادەست بكەن. تائێستاش یەكێتی نەیتوانیوە
كاندیدەكانی یەكلابكاتەوە.
سەرچاوەكەی
پەیسەرپرێس دەڵێت نزیكەی 30%ی پۆستەكانی حكومەت دەدرێنە یەكێتی و پێشنیازێكیش هەبووە
بۆ ئەوەی هەر سێ باڵەكەی یەكێتی (ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح) هەریەكەیان
8%ی ئەو 30% یان پێبدرێت و ئەو 6%ی دەمێنێتەوە بۆ باڵی بێلایەنەكان بێت، بەڵام تائێستا
ئەوە پەسەند نەكراوە.