کوردستان

04:06 - 08/08/2019

لەسەر پرسى پارێزگارى کەرکوک یەکێتى و پارتى دواى جەژن کۆدەبنەوە‌

پەیسەر

بڕیارە لەدوای جەژن یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك كۆببنەوە و پەیسەرپرێس ناوەڕۆكی پەیامی یەكێتی ئاشكرا دەكات.

 بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتوون، یەكێتی داوای لە پارتى کردووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو رێككەوتنەی لەبارەى پرسی پارێزگاری كەركوك لە نێوانیاندا هەیە لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كۆببنەوە. پارتیش  داوایكردووە كۆبوونەوەكە بخرێتە دوای جەژنی قوربان.

سەرچاوەكە ئەوەشى بۆ پەیسەر ئاشکراکرد، یەكێتی دەیەوێت دوا پەیامی پارتی لەبارەی پابەندبوونى بە رێككەوتنەكەوە بزانێت، چونکە پێی وایە پارتی پاشەكشێی كردووە و نایەوێت رێككەوتنەكە جێبەجێ بكات.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت یەكێتی داوای روونكردنەوە لەپارتی دەكات سەبارەت بەوەی بۆچی تائێستا ئەندامەكانی رانەسپاردووە بگەڕێنەوە كەركوك و بەشداری كۆبوونەوەى ئەنجومەنی پارێزگا بكەن بۆ دیاریكردنی تەیب جەبار بە پارێزگار.

پێشتر یەكێتی و پارتی رێككەوتنێكیان دەربارەی پارێزگاری كەركوك واژۆكرد، بەپێی رێككەوتنەكە تەیب جەبار دەبێتە پارێزگار، بەڵام تائێستا ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە و یەكێتیش پارتی بە خۆدزینەوە لە رێككەوتنەكە تۆمەتباردەكات.