06:10 - 07/08/2019
زانیارییەكان لەبارەی وەڵامی مەلا بەختیار بۆ پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
تائێستا مەلا بەختیار، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی وهڵامی ئەو پەیامەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی نەداوەتەوە، كە هەفتەی رابردوو ئاراستەی كرا.
پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، خۆی لەوەدا دەبینییەوە، كە دەبێت مەلا بەختیار بگەڕێتەوە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسیو ئەنجوومەنی سەركردایەتی، بەپێچەوانەوە، نابێت لەدەرەوە رەخنە بگرێتو هێرش بكاتە سەر بەرپرسانی حیزبەكەی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەپەیسەرپرێس، مەلا بەختیار، كە پۆستی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەیە، وەڵامی پەیامەكەی نەداوەتەوەو بێدەنگی هەڵبژاردووە.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن، كە گوایە مەلا بەختیار گەڕاوەتەوە بۆ دەوامكردن لەمەكتەبی سیاسی سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، تائێستا نەگەڕاوەتەوەو ئەوەی لەو بارەوە باس دەكرێت، تەنیا دەنگۆیە.
مەلا بەختیار ماوەیەكی زۆرە، كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی هەڵپەساردووە، ئەوەش بەهۆی ئەو ناڕەزاییانەی لەدوای كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن یەكێتییەوە بۆی دروست بوو.
بەم دوایانەش مەلا بەختیار پرۆژەیەكی بۆ چاكسازیو بەستنی كۆنگرە لەیەكێتی راگەیاند، كە لەپرۆژەكەی رەخنەی توندی لەچەند سەركردەیەكی حیزبەكەی گرتو بەو هۆیەشەوە لەمەكتەبی سیاسی نیگەرانی دروست بوو، بۆیە پەیامێكی ئاراستە كراو لەپەیامەكەدا داوای لێكرابوو، یان بگەڕێتەوە كۆبوونەوەكان، یان بێدەنگ بێت.