کوردستان

07:17 - 11/12/2018

پارتى له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى داد و پارێزگارى كه‌ركوك دوا په‌یامى به‌ یه‌كێتى گه‌یاندووه‌‌

پەیسەر

شاندی پارتی له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى سێشه‌ممه‌ به‌ شاندى یه‌كێتى راگه‌یاندووه‌، كێشه‌ی وه‌زیری دادی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌وان نیه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدیه‌وه‌ هه‌یه‌، هاوكات بۆ پارێزگارى كه‌ركوكیش پشتیوانى دانانى كه‌سێكى بێلایه‌نیان كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی پارتی به‌ یه‌كێتی-یان گوتووه‌، ئه‌وان ئاسته‌نگیان بۆ وه‌رگرتنی وه‌زیری دادی عێراق دروست نه‌كردووه‌ و كێشه‌ی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدیه‌ نه‌ك پارتی.

پارتی هه‌روه‌ها په‌یامى ئه‌وه‌شى گه‌یاندووه‌، با یه‌كێتی له‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ دیبلۆماسیه‌كانیه‌وه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات، هاوشێوه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار لۆبی بۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ریبگرن.

سه‌باره‌ت به‌ پارێزگاری كه‌ركوكیش سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، پارتی به‌ یه‌كێتی گوتووه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ پارێزگارێكی"مه‌ده‌نی بێلایه‌ن"ن بۆ كه‌ركوك، ده‌رباره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ش تێروانینی خۆیان خستووه‌ته‌ ڕوو كه‌ پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانیه‌ جارێكی تر هیچ هێزێك به‌ پێشمه‌رگه‌شه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بڵاوه‌ی پێبكرێت و ته‌نها پۆلیسى خۆجێیى هه‌بێت.

پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆستی وه‌زیری داد ناكۆكن، یه‌كێتی خالید شوانی بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندیدكردووه‌، به‌ڵام ناوه‌كه‌ی له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی په‌ڕله‌مان نه‌كرا، له‌بری ئه‌وه‌ ناوی دارا نوره‌دین ره‌وانه‌ی په‌ڕله‌مان كرا، كه‌ به‌نزیك له‌ پارتی ئه‌ژمار ده‌كرێت.