کوردستان

03:56 - 06/08/2019

دروستكردنی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌په‌رله‌مان جارێكى دیكه‌ شكستده‌هێنێت‌

پەیسەر

دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆن له‌په‌رله‌مانی كوردستان شكستده‌هێنێت، لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ئاماده‌نین پێكه‌وه‌ كارى هاوبه‌ش بكه‌ن له‌ په‌رله‌مان.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه‌، چه‌ند جارێك نه‌وه‌ی نوێ، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، یه‌كگرتووی ئیسلامی و حزبی شیوعی گفتوگۆیان له‌سه‌ر دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی هاوبه‌شی یه‌كگرتوو بۆ كاری پێكه‌وه‌ی كردووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان، گفتوگۆكان له‌وه‌ نزیكبوون كه‌ پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ كاری پێكه‌وه‌یی گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی پاشه‌كشه‌ی كردووه‌، گفتوگۆكان بێئه‌نجام بوون. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێست، فراكسیۆنى یه‌كگرتوو رایگه‌یاندووه‌، ئه‌وان به‌شێوازی تایبه‌تی خۆیان ده‌بنه‌ ئۆپۆزسیۆن، به‌شێك له‌لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ئۆپۆزسیۆنی ناو په‌رله‌مانیان به‌توندڕه‌و وه‌سفكردووه‌.

له‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ حه‌وت كورسی و نه‌وه‌ی نوێ به‌ هه‌شت كورسی، یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌ پێنج كورسی و حزبی شیوعی به‌ كورسییه‌ك، بوونه‌ ئۆپۆزسیۆن، بڕیاریش بوو به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ كاری پێكه‌وه‌ی دروستبكه‌ن.