کوردستان

06:38 - 11/12/2018

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پڕۆژه‌یه‌ك ده‌داته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان‌

پەیسەر

بڕیار وایه‌ سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ له‌ شاری هه‌ولێر وه‌فدێكی باڵای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببێته‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌ له‌ ماڵی نێچیرڤان بارزانی له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیشی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان ده‌بێت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ به‌رپرسێكی باڵای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستی كه‌وتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌فده‌كه‌ی گۆڕان پڕۆژه‌یه‌ك ده‌داته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان.

پڕۆژه‌كه‌ی گۆڕان پوخته‌یه‌كی پڕۆژه‌كانی پێشووی بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ كه‌ وه‌ك (پاكێجی چاكسازی) ناوی هاتبوو له‌ رابردوودا درابووه‌ حكومه‌ت و پارته‌ سیاسیه‌كان.

پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بردنه‌وه‌ی 45 كورسی په‌رله‌مان براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌ بردنه‌وه‌ی 12 كورسی حیزبی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان.