کوردستان

04:27 - 05/08/2019

له‌سه‌ر داواى گۆڕان پارتی پۆسته‌كه‌ی رێبازحه‌ملانی هه‌ڵپه‌سارد‌

پەیسەر

له‌سه‌ر داوای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پارتی پۆسته‌ نوێیەكه‌ی رێبازحه‌ملانی هه‌ڵپه‌سارد. كه‌ بڕیاربوو بكرێته‌ یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى دارایى. 

هێمن شێخانی ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، پارتی پۆسته‌كه‌ی رێباز حه‌ملانی له‌سه‌ر داوای گۆڕان هه‌ڵپه‌ساردووه‌، بڕیاره‌ له‌ شوێنێكی دیكه‌ى حكومه‌ت له‌سه‌ر پشكی پارتی پۆستێكی دیكه‌ى پێبدرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو بزوتنه‌وه‌ی گۆران و پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆیان له‌سه‌ر رێككه‌وتنی نێوانیان كردووه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاندووه‌، كه‌ دانانی رێباز حه‌ملان به‌ یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنی نێوانیانه‌، هه‌روه‌ها داتاشینی پۆسته‌، بۆیه‌ ئه‌وان دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌ن.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، بڕیاره‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا و دوای راوێژی ناوخۆیی پارتی، به‌ یه‌كجاری ئه‌و پۆسته‌ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ و كاندیده‌كه‌ی پارتیش له‌شوێنێكی دیكه‌ پۆستی پێبدرێت.

پێشتر مه‌سرور بارزانی بڕیاریدابوو، رێباز حه‌ملان بكاته‌ یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كاروباری دارایی، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان-ی لێكه‌وته‌وه‌.