کوردستان

03:49 - 05/08/2019

به‌غدا پێدانه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌كورد مه‌رجدار ده‌كات‌

پەیسەر


حكومه‌تى عێراق، پێدانه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌كورد، مه‌رجدار ده‌كات و وابه‌سته‌ی ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌ی دیكه‌ى ده‌كات.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، حكومه‌تی به‌غداد پێدانه‌وه‌ی پارێزگاری كه‌ركوك-ی وابه‌سته‌ی رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد له‌بواری نه‌وت و گاز و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كردووه‌.

به‌پێى به‌رنامه‌ى حكومه‌تى عێراق، ده‌بێت هه‌رێم و به‌غداد له‌سه‌ر نه‌وت و گاز رێكبكه‌ون، له‌سه‌ر ئیداره‌دانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیش به‌هاوبه‌شی بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وكاته‌ پۆسته‌كانی كورد به‌ پارێزگاری كه‌ركوك-یشه‌وه‌ ده‌درێته‌وه‌ كورد.

حكومه‌تى عێراق به‌ شاندى هه‌رێمی راگه‌یاندووه‌، به‌بێ رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیانه‌ به‌دوور نازاندرێت، جارێكی تر ململانێ له‌سه‌ر سامانی شاره‌كه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و جارێكی تر رووداوی هاوشێوه‌ی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر دووباره‌ ببێته‌وه‌.

مه‌رجه‌كانی به‌غداد بۆ كورد نوێن، به‌وپێیه‌ى پێشتر حكومه‌تی به‌غداد به‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی راگه‌یاندبوو، هه‌ركاتێك یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وان هیچ ئاسته‌نگێك بۆ ده‌ستبه‌كاربوونی دانانێن و پشتیوانی رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بن.

پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ماوه‌ى هه‌شت مانگى خایه‌ند، به‌هۆى رێكنه‌كه‌وتنى یه‌كێتى و پارتى-یه‌وه‌ له‌سه‌ر كاندیدى پارێزگارى كه‌ركوك، ئێستا كه‌ رێككه‌وتوون پێكهاته‌كانى عه‌ره‌ب و توركمان و حكومه‌تى ناوه‌ندى رێگرن له‌وه‌ى كورد كورسى پارێزگار وه‌ربگرێته‌وه‌.