کوردستان

06:08 - 11/12/2018

پارتی ده‌یه‌وێت پێش پێكهێنانی حكومه‌ت سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارابكاته‌وه‌‌

پەیسەر

پارتی ده‌یه‌وێت پێش پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارابكاته‌وه‌ و نێچیرڤان بارزانی ده‌ستبه‌كاربێت له‌ پۆسته‌ نوێیه‌كه‌یدا، ئه‌و په‌یامه‌شى به‌ یه‌كێتى گه‌یاندووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی سێ شه‌ممه‌ی یه‌كێتی و پارتیه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، شاندی پارتی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایانگه‌یاندووه‌ ده‌یانه‌وێت پێش پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت، یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌مواربكرێته‌وه‌ و نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ستبه‌كاربێت.

شانده‌كه‌ى پارتى گوتوشیانه‌ ده‌یانه‌وێت، نێچیرڤان بارزانى وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، مه‌سرور بارزانی رابسپێرێت بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ ململانێی نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانیه‌وه‌ هه‌یه‌.

دوای راسپاردنی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، نێچیرڤان بارزانی نیگه‌ران بووه‌ و پێی وایه‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌م نزیكانه‌ كاراناكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش مه‌سعود بارزانی ده‌یه‌وێت نیگه‌رانیه‌كانی بڕه‌وێنێته‌وه‌ و له‌سه‌ره‌تادا ئه‌و وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ستبه‌كاربێت، پاشان مه‌سرور بارزانی كابینه‌ی حكومه‌ت پێكبهێنێت.

رۆژی 3-12-2018 پارتی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت كاندید كرد و نێچیرڤان بارزانیش بووه‌ كاندیدی ئه‌و حزبه‌، بۆ سه‌رۆكی داهاتووی هه‌رێم.