کوردستان

04:42 - 04/08/2019

حه‌لبوسى له‌رێگه‌ى به‌شیر حه‌داده‌وه‌ په‌یامێكی ئاراسته‌ی هه‌رێم كرد‌

پەیسەر

محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌رێگه‌ی به‌شیر حه‌دادى جێگریه‌وه‌، په‌یامێك ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات، په‌یسه‌رپرێس ناوه‌رۆكی پەیامەكه‌ ئاشكراده‌كات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌رێگه‌ی به‌شیرحه‌دادی جێگریه‌وه‌ په‌یامێكی ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌، به‌مه‌رجێك بوودجه‌ی هه‌رێم له‌بوودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠جێگیرده‌كه‌ن، كه‌ پێشتر به‌غداد و هه‌رێم، له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و گاز و پرسی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، حه‌لبوسی رایگه‌یاندووه‌ نابێت حكومه‌تی هه‌رێم چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌بێت، كه‌ ئه‌وه‌ی له‌بوودجه‌ی ٢٠١٩ تێپه‌ڕێندرا له‌بوودجه‌ی ساڵی داهاتوو دووباره‌بكرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها حه‌لبوسی نیگه‌رانی خۆی له‌رێگه‌ی جێگره‌كه‌یه‌وه‌، ره‌وانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ به‌وه‌ى تێڕوانینێكی ئه‌وتۆ دروستبووه‌، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كانی نابێت له‌گه‌ڵ به‌غداد، به‌ڵگه‌ش بۆئه‌وه‌ راده‌ستنه‌كردنی ٢٥٠هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌یه‌ به‌ كۆمپانیای سۆمۆ، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كابینه‌ی پێشوو به‌ڵێنیدابوو راده‌ستی بكات.

حه‌لبوسی داواشی له‌ په‌رله‌مانتارانی كورد كردووه‌، فشار له‌حزبه‌كانیان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم قایل بكه‌ن رۆژانه‌ ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی به‌غداد بكات.به‌پێى زانیارییه‌كان، به‌شیر حه‌داد ناوه‌رۆكی په‌یامه‌كه‌ی حه‌لبوسی گه‌یاندووه‌ته‌، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، حكومه‌تی هه‌رێم به‌زاره‌كی به‌ڵێنیداوه‌ كه‌ نه‌وت راده‌ست بكات به‌ به‌غدا، به‌ڵام له‌بواری كرده‌ییداهیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه‌.