کوردستان

04:24 - 04/08/2019

یه‌كێتى فۆرمى حزبیى به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌شده‌كات‌

پەیسەر

یه‌كێتی له‌ناوچه‌كانى گه‌رمیان، راپه‌ڕین، كۆیه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌، فۆرمی حزبیی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانى حكومه‌تدا دابه‌شده‌كات. هه‌ر كه‌سێك ئه‌و فۆرمه‌ى نه‌بێت بۆى نابێت ده‌نگ بدات، بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ى یه‌كێتى.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، له‌ فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت له‌سنوری ده‌سه‌ڵاتدارێتى یه‌كێتى فۆرمى ئه‌ندامێتى حزبه‌كه‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌شده‌كرێـت.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بۆ په‌یسه‌رپرێس ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، فۆرمه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ك فه‌رمانبه‌ران ناچاربكه‌ن ببنه‌ یه‌كێتی، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ له‌كۆنگره‌ی چوارمی حزبه‌كه‌ی به‌كاربهێنێت، به‌جۆرێك ئه‌وانه‌ی ئه‌و فۆرمه‌ پڕده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ده‌نگدان ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی چواره‌م هه‌ڵده‌بژێرن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، فۆرمه‌كه‌ له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی رێكخستنی یه‌كێتی-یه‌وه‌ ده‌ركراوه‌، به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی گه‌رمیان، هه‌ڵه‌بجه‌، كۆیه‌، ئیداره‌ی راپه‌ڕین و چه‌مچه‌ماڵ-دا دابه‌شكراوه‌، بۆیه‌ پێده‌چێت هه‌وڵی باڵێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه‌ زۆرترین ئه‌ندامی كۆنگره‌ ره‌وانه‌ی كۆنگره‌ی چواره‌م بكات و كۆنگره‌ له‌به‌رژوه‌ندی خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان هه‌ر كادیرێكى یه‌كێتى ئه‌و فۆرمه‌ی نه‌بێت، رێگه‌ی پێنادرێت ده‌نگ به‌ ئه‌ندامانی كۆنگره‌ى یه‌كێتى بدات.

یه‌كێتى ئاماده‌كارییه‌كانى به‌ستنى كۆنگره‌ى ده‌ستپێكردووه‌، به‌رپرسانى حزبه‌كه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن تا كۆتایى ئه‌مساڵ كۆنگره‌ى چواره‌م ده‌به‌ستن.