کوردستان

07:37 - 03/08/2019

هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ متمانه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ فوئاد حسێن‌

پەیسەر

رۆژی چوارشه‌ممه‌ى رابردوو، هه‌ردوو وه‌زیری دارایی و نه‌وتی عێراق بانگهێشتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كران و په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت، هه‌ندێك په‌رله‌مانتار بڕوایان به‌وه‌ڵامه‌كانی فوئاد حسێن نه‌بوو.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ سامرغه‌زبان وه‌زیری نه‌وت و فوئاد حوسێن وه‌زیری دارایی عێراق و سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی، چوونه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و له‌وێ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی لیژنه‌ی دارایی و نه‌وت و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی تریان دایه‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌هۆڵی ده‌ستووریی به‌رێوه‌چوو.

جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند:"ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بڕوایان به‌ وه‌ڵامه‌كانی وه‌زیری دارایی نه‌بوو و رایانگه‌یاندووه‌، به‌ره‌و لێپرسینه‌وه‌ هه‌نگاوده‌نێن، وه‌زیری دارایی رایگه‌یاندووه‌، به‌پێی یاسای بوودجه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی ره‌وانه‌كردووه‌".

به‌ گوته‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو تا ٧-٩-٢٠١٩ هیچ ناكرێت، چونكه‌ له‌ پشووی یاساداناندان. ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، وه‌زیری نه‌وت پێی راگه‌یاندوون هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌نێوان٤٣٠ بۆ ٤٥٠ هه‌زار به‌رمیلدایه‌، تائێستاش هه‌رێم هیچ بڕه‌ نه‌وتێكی راده‌ست نه‌كردووه‌.

جه‌مال كۆچه‌ر باسیله‌وه‌كرد، له‌بنه‌ڕه‌تدا كوتله‌ شیعییه‌كان به‌تایبه‌تیش ( سائیرون، حكمه‌ و نه‌سر) رابه‌رایه‌تی ئه‌و ره‌وته‌ ده‌كه‌ن كه‌ دژایه‌تی كابینه‌ی حكومه‌ت بكه‌ن و هه‌مووشیان شیعه‌ن، تائێستا سوننه‌ هه‌ڵوێستی نه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌،"به‌ڵام مه‌ترسی متمانه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌زیری دارایی عێراق هه‌یه‌".

هه‌ردوو حكومه‌تى به‌غدا و هه‌ولێر، له‌ دانوستاندان له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وت تا ئێستا به‌رێككه‌وتن نه‌گه‌یشتوون، یاساى بوودجه‌ى ٢٠١٩ش وه‌ك خۆى جێبه‌جێنه‌كراوه‌.