کوردستان

07:08 - 03/08/2019

به‌غداد داوای كێڵگه‌یه‌كى نه‌وتیى كه‌ركوك له‌هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر


حكومه‌تی عێراق، داوای ژماره‌یه‌ك كێڵگه‌ی نه‌وتیی كه‌ركوك له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌، په‌یسه‌رپرێس زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌ ئاشكرا ده‌كات.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ژماره‌یه‌ك بیری نه‌وت كه‌ به‌كێڵگه‌ی جاستان ناسراوه‌ و ده‌كه‌وێته‌ نێوان دیبه‌گه‌ و دوبز و ژماره‌یان ٢٠بیره‌ له‌دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ جێیان هێشت، هێزه‌كانی سوپای عێراقیش نه‌چوونه‌ ئه‌و شوێنه‌ دوای ماوه‌یه‌ك كۆمپانیای كار گه‌ڕایه‌وه‌ و ئێستا كۆنتڕۆڵی ئه‌و بیرانه‌ی كردووه‌ و له‌وێوه‌ نه‌وته‌كه‌ی هه‌نارده‌ده‌كات، كه‌ رۆژانه‌ به‌ ٢٥ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت مه‌زنده‌ده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، نازاندرێت داهاتی هه‌نارده‌ی ئه‌و نه‌وته‌ بۆ كێیه‌، به‌پێی زانیاریه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا حكومه‌تی به‌غداد به‌فه‌رمی داوای راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و بیره‌نه‌وتییانه‌ی كردووەته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌كێڵگه‌ی خورمه‌ڵه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی پەیسەر ده‌ڵێت، خورمه‌ڵه‌ تا ساڵی ٢٠٠٨ له‌ژێرده‌ستی كۆمپانیای نه‌وتی باكوردابووه‌، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق ساڵی ٢٠٠٨ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و كێڵگه‌یه‌بووه‌ و چاوپۆشی لێكردووه‌ بدرێته‌ هه‌رێم، چونكه‌ له‌ڕووی جوگرافییه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك شاری هه‌ولێر.

ئه‌و داواكارییه‌ى به‌غدا هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامى دانوستانه‌كان له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وت و داهاته‌كه‌ى.