کوردستان

06:51 - 03/08/2019

نێچیرڤان بارزانی له‌ كادیرانی حزبه‌كه‌ی نیگه‌رانه‌‌

پەیسەر

نێچیرڤان بارزانی جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان، كاديرانی حزبه‌كه‌ی ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، كه‌ باسكردنى چاكسازى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، نه‌گاته‌ ئاستى هێرشكردنه‌ سه‌ر كابینه‌كانى رابردوو و باسى گه‌نده‌ڵى نه‌كرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، نێچیرڤان بارزانی له‌لێدوانی ژماره‌یه‌ك كادری حزبه‌كه‌ی نیگه‌ران بووه‌، كه‌ باسی به‌رنامه‌ی چاكسازی كابینه‌ی نۆیه‌میان كردووه‌، هه‌روه‌ها باسی گه‌نده‌ڵیيان له‌دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت كردووه‌.

نێچیرڤان بارزانی ئه‌مه‌ی به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر كابینه‌كانی پێشوو و خودی خۆی زانیوه‌ و رایگه‌یاندووه‌، نابێت باسكردنی چاكسازی بكرێته‌ ده‌روازه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر كابینه‌كانی پێشوو و تۆمه‌تباركردنی كابینه‌كانی پێشوو به‌ بره‌ودان به‌گه‌نده‌ڵی.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، نێچیرڤان بارزانی ئه‌و په‌یامه‌ی له‌رێگه‌ی فازڵ میرانيیه‌وه‌ ئاراسته‌ی مه‌سرور بارزانی كردووه‌، مه‌سرور بارزانیش میدیاكانی نزیك له‌خۆی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌هه‌ستیارییه‌وه‌ باس له‌چاكسازی كابینه‌ی نۆیه‌م و گه‌نده‌ڵی له‌هه‌رێم بكه‌ن.

كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان، پرسی چاكسازی كردووه‌ته‌ به‌رنامه‌ى كاركردنى خۆى و مه‌سرور بارزانى له‌ گوتارى ده‌ستپێكدا به‌ڵێنى چاكسازیدا، له‌ ئێستادا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تاووتوێى پرۆژه‌ یاساى چاكسازى له‌ مووچه‌و خانه‌نیشنى ده‌كات.