کوردستان

06:36 - 03/08/2019

به‌شێك له‌ ناڕازییه‌كانى یه‌كێتی په‌نا بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌به‌ن‌

پەیسەر

به‌شێك له‌باڵی ناڕازی یه‌كێتی به‌سه‌رپه‌رشتى مه‌لابه‌ختیار، ده‌یانه‌وێت به‌رامبه‌ر زیادبوونى هه‌ژموونى ماڵى تاڵه‌بانى و به‌رهه‌م ساڵح له‌نێو یه‌كێتى، په‌نا بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌رن و داواى پشتیوانى لێ بكه‌ن.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا باڵی نارازی یه‌كێتی كه‌ له‌لایه‌ن مه‌لابه‌ختیاره‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، چه‌ندجارێك كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌ و دوو بژارده‌یان تاوتوێكردووه‌، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌ك باڵێكی سه‌ربه‌خۆ به‌پرۆژه‌وه‌ بچنه‌ ناو كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی، بژارده‌ی دووه‌میش ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ په‌نا بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌رن.

به‌پێى زانیارییه‌كان بژارده‌ى دووه‌م پشتیوانى زۆرتربووه‌، به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێكه‌وه‌ له‌كۆنگره‌ به‌ره‌یه‌ك دژی هه‌ژموونی هاوپه‌یمانێتى ماڵی تاڵه‌بانی و به‌رهه‌م ساڵح دروستبكه‌ن و هه‌وڵبدرێت دارایی و بڕیاری سیاسی له‌ده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی بهێندرێته‌ ده‌ره‌وه‌، سامان گه‌رمیانی و ئارێز عه‌بدوڵا و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی تری یه‌كێتی و كادیری ئه‌و حزبه‌، له‌به‌ره‌ی ناڕازییه‌كانی یه‌كێتین.

سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م باڵه‌ باڵێكی تری نارازی دیكه‌ هه‌یه‌، كه‌ مه‌حمود سه‌نگاوی و عیماد ئه‌حمه‌د سه‌رپه‌رشتى ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م به‌ره‌یه‌ له‌ باڵى ناڕازى مه‌لا به‌ختیار نزیك نین.

به‌پێى رێنماییه‌كانى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، یه‌كێتى ئه‌مساڵ ده‌بێت كۆنگره‌ ببه‌ستێت، تا واده‌ى كۆنگره‌ى چاوه‌ڕوانكراوى یه‌كێتى نزیك ده‌بێته‌وه‌، ركابه‌رى ئاڕاسته‌ جیاوازه‌كانى حزبه‌كه‌ توندترده‌بێت.