کوردستان

04:20 - 31/07/2019

روونكردنه‌وه‌ى ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌و چه‌كانه‌ى كه‌ گه‌یشتوون به‌ په‌كه‌كه‌‌

پەیسەر

ئه‌مریكا هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ فرۆشتنی چه‌ك به‌ په‌كه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات.  به‌فه‌رمى به‌ توركیاى راگه‌یاندووه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ى گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌ست په‌كه‌كه‌، له‌رێگه‌ى حه‌شدى شه‌عبی-یه‌وه‌ بووه‌.

دوای ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند كاتژمێری رابردوودا، خلوسی ئاكار وه‌زیری به‌رگری تورکیا له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ مارك ئێسپه‌ر هاوتا ئه‌مریكیه‌كه‌ی، داوایكرد واشنتن ته‌واوی هاوكارییه‌كانی بۆ په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌ رابگرێت. ئه‌مریكا روونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و داواكارییه‌ داوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا روونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی داواكارییه‌كه‌ی توركیاداوه‌ و رایگه‌یاندووه‌، ئه‌و چه‌كه‌ ئه‌مریكییانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست په‌كه‌كه‌، پێشتر واشنتن راده‌ستی سوپای عێراقی كردووه‌ و له‌ده‌ستی سوپاشه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، په‌كه‌كه‌ له‌چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی كڕیویه‌تی.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، توركیا داواده‌كات واشنتن ته‌واوی ئه‌و چه‌كانه‌ له‌ده‌ستی یه‌په‌گه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌، كه‌ له‌ سوریا و بۆ شه‌ڕی دژی داعش پێیدوان، به‌وپێیه‌ی ئێستا شه‌ڕی داعش كۆتایی هاتووه‌، توركیا راشیگه‌یاندووه‌، چه‌كی ده‌ستی یه‌په‌گه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ قه‌ندیل و ئێستا له‌ده‌ستی په‌كه‌كه‌دایه‌.

توركیا پێشتر چه‌ند جارێك، داواى راگرتنى هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانى كردووه‌ بۆ شه‌ڕڤانانى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات و یه‌په‌گه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا تا كۆتایى شه‌ڕى داعش له‌ هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانى به‌رده‌وام بوو. داواكارییه‌كه‌ى توركیا له‌ ئه‌مریكا له‌كاتێكدایه‌، ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ به‌ره‌ى فراوانى شه‌ڕى كردووه‌ته‌وه‌.