کوردستان

04:00 - 31/07/2019

یه‌كێتی ده‌یه‌وێت پێش كۆنگره‌ چه‌ند به‌رپرسێكى سزا بدات‌

پەیسەر

یه‌كێتی ده‌یه‌وێت لیژنه‌ له‌سه‌ر چه‌ند به‌رپرسێكى دروستبكات و پێش كۆنگره‌ سزایان بدات و هیچ پۆستێك وه‌رنه‌گرن. كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح ئه‌و پرۆژه‌یان ئاماده‌كردووه‌و ماڵى تاڵه‌بانى تا ئێستا قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌كردووه‌. په‌یامى كۆتاییش به‌ مه‌لا به‌ختیار دراوه‌ كه‌ یاخود بگه‌ڕێته‌وه‌ یا ده‌ستبه‌ردارى یه‌كێتى ببێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و باڵی به‌رهه‌م ساڵح، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون لیژنه‌یه‌كی رێكاری و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ و به‌رپرسی یه‌كێتی پێكبهێنن، كه‌ بریتین له‌  مه‌لابه‌ختیار، مه‌حمود سه‌نگاوی، عه‌تا سه‌راوی، شانازئیبراهیم ئه‌حمه‌د، سامان گه‌رمیانی. 

جێگرانى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى ده‌یانه‌وێت، پێش كۆنگره‌ بڕیاری كۆتایی ده‌رباره‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ بده‌ن و رێگه‌ش نه‌ده‌ن به‌شداری كۆنگره‌ بكه‌ن، یا هیچ پۆستێكیان له‌كۆنگره‌ پێبدرێت، به‌ڵام تائێستا باڵی ماڵی تاڵه‌بانی هیچ هه‌ڵوێستێكیان له‌باره‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ نییه‌.

ئه‌و سه‌ركردانه‌ی یه‌كێتی تۆمه‌تی ئه‌وه‌یان دراوه‌ته‌ پاڵ، كه‌ پابه‌ندی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی نه‌بوون و رێزیان بۆ رێككه‌وتنی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی تر به‌تایبه‌تی پارتی دانه‌ناوه‌، هه‌روه‌ها"زیانیان به‌یه‌كێتی ناو یه‌كێتی گه‌یاندووه‌".

له‌لایه‌نى دیكه‌وه‌ به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، یه‌كێتی له‌ جموجوڵه‌كان ئه‌م دواییه‌ی مه‌لابه‌ختیار نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ى له‌لایه‌ك ماڵه‌كه‌ی كردووه‌ به‌ باره‌گای كۆكردنه‌وه‌ی كادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگره‌ ناڕازییه‌كانی یه‌كێتی و رۆژانه‌ له‌ماڵه‌كه‌ی پێشوازییان لێده‌كات، سه‌ردانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كوردستانیشی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی یه‌كێتی كۆبووەته‌وه‌ كه‌ له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم پۆستیان پێنه‌دراوه‌، داوایان لێده‌كات پشتیوانی پرۆژه‌كه‌ی بكه‌ن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ چه‌ند جارێك نوسینی دژی ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی نوسی.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، مه‌لابه‌ختیار وه‌ك رابه‌ری به‌ره‌ی ناڕازی ناو یه‌كێتی ره‌فتار ده‌كات و پێی وایه‌ باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح و ماڵی تاڵه‌بانی و باڵی بێلایه‌نه‌كان مادام له‌لایه‌كێتیدا ماون و له‌پۆسته‌كانیاندان، كه‌واتا به‌دۆخی ئێستای یه‌كێتی رازین و تاكه‌ باڵێك كه‌ ناڕازیه‌ باڵه‌كه‌ی ئه‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی پەیسەر مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، دوا په‌یامیان داوه‌ته‌ مه‌لابه‌ختیار كه‌ یان به‌بێ ده‌نگی بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو یه‌كێتی، یاخود له‌یه‌كێتی ده‌رده‌كرێت.

مه‌لا به‌ختیار ٢٠ی ته‌مووز، پرۆژه‌كه‌ى بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى یه‌كێتى له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ى له‌نێوخۆى یه‌كێتى و ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى لێكه‌وته‌وه‌.