کوردستان

02:11 - 30/07/2019

هۆكاری دیارینه‌كردنی رۆژی كۆنگره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌

پەیسەر

فۆتۆ: ئه‌رشیف

بەهۆی ناكۆكی ناوخۆی  یەكێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌ لەكۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسیدا نەتواندرا رۆژی بەستنی كۆنگرە دیاری بكرێت.


بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری یه‌كێتی نیشتیمانییه‌وه‌ دەستی كەوتووە، لەكۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بەهۆی بوونی ناكۆكی لەسەر چۆنیەتی كۆنگرە و لیژنەی ئامادەكاری نەتواندرا رۆژی دیاریكردنی كۆنگرە دیاری بكرێت، تەنها ئەوەنەبێت كە بڕیاریانداوە لەكۆتایی ئەم ساڵ كۆنگرە بكەن.


سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، بافڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح و شۆرش ئیسماعیل و حاكم قادر، بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد، جگە لەوەش ئەوانەی بەشداریان كرد 9 كەسیان ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوون و ئەوانی تریش لاهورشێخ جەنگی ئەندامی ئەنجومەنی  ناوەنده‌ و لەتیف شێخ عومەر و عەدنانی حەمەی میناش ئەندامی سەركردایەتین بۆیە نازاندرێت چۆن بەشداری كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیان كردووە.


بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە دوولیژنە بۆ ئامادەكاری كۆنگرە پێكبهێندرێن، كە یەكێكیان لەلایەن حاكم قادر و ئەوی تریان لەلایەن عومەر فەتاحەوە سەرۆكایەتی بكرێت.


سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، لەكۆبونەوەكەدا راپۆرتی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی گفتوگۆی لەسەركراوە كە تێیدا پێشبینی ئەوەی كردووە كە ئەگەر یەكێتی پێش هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم، كۆنگرە نەكات ئەوە ئەنجامێكی خراپی دەبێت، چونكە بەستنی كۆنگرە بۆتە داواكاری زۆرینەی رێكخستنەكانیان.


بەپێی پەیرەوی ناوخۆی یەكێتی دەبێت هەر سێ ساڵ جارێك كۆنگرە بكات، بەڵام دواهەمین كۆنگرەی یەكێتی رۆژی 1/6/ 2010 بووە كە كۆنگرەی سێ بوو.