کوردستان

01:29 - 30/07/2019

حكومەتی هەرێم بۆچوونی لەسەر یاسای چاكسازی گۆڕاوە‌

پەیسەر

كابینەی نوێ تێبینی لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی هەیە كە لە سەردەمی كابینەی پێشوو ئامادەكرابوو، بۆیە لیژنەیەكی پێكهێناوە تا دەستكاری یاساكە بكرێت و رەوانەی پەرلەمانی بكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە پەیسەرپرێس دراوە، حكومەت جارێكی تر یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكاتەوە، جگە لە حكومەت لایەنەكانیش بۆچوونیان لەسەر یاساكە گۆڕدراوە.

بەپێی ئەو زانیاریان، لەئێستادا حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی لەئەنجومەنی وەزیران پێكهێناوە بۆ ئەوەی جارێكی تر یاسای چاكسازی دابڕێژنەوە و رەوانەی پەرلەمانی بكەنەوە.
 سەرچاوەكەی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت: مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت چاودێری كارەكانی ئەو لیژنەیە دەكات، و بڕیاریشە پێش مانگی ئەیلول پرۆژەكە تەواوبكرێت و رادەستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت.

رۆژی 28ی شوباتی ساڵی رابردوو پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ یاسای چاكسازی و خانەنشینی پەسەند كرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان كاردانەوەی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە رۆژی 4/3/2018 سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان یاساكەی رەتكردەوە و رەوانەی حكومەتی كردەوە.