کوردستان

07:04 - 28/07/2019

به‌هۆی پارتی-يه‌وه‌ ناكۆكى ناوخۆیى له‌نێو یه‌كگرتوو درووستده‌بێت‌

پەیسەر

فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانى كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى حزبه‌كه‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو ناكۆكه‌. به‌هۆى پارتی-یه‌وه‌ راجیایى كه‌وتووه‌ته‌ نێوان فراكسیۆنه‌كه‌و ئه‌میندارى حزبه‌كه‌وه‌. 

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو پرۆژه‌ی خۆی بۆ چوارساڵی داهاتووی ئۆپۆزسیۆن ئاشكراكرد، سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو هه‌وڵیداوه‌ ده‌ست له‌كاره‌كانی فراكسیۆنه‌كه‌ وه‌ربدات.

فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌یه‌وێت رۆڵێكی گرنگ له‌ ئۆپۆزسیۆن بگێرێت و چاودێری توندی كاره‌كانی حكومه‌ت بكات و گه‌نده‌ڵیه‌كان ئاشكرابكات، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو، به‌تایبه‌ت سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری گشتی حزبه‌كه‌، پێیباشه‌ ره‌چاوی په‌یوندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتی و خودی مه‌سعود بارزانی بكه‌ن و ده‌ست بۆهه‌ندێك دۆسیه‌ی هه‌ستیار نه‌به‌ن.

هۆكارى ناكۆكییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو پێی باشه‌ پشتیوانی حكومه‌ت بكرێت بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ند چاكسازییه‌ك، له‌چوارساڵی داهاتوودا و ده‌رفه‌ت بدرێته‌ ئه‌و كابینه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی جیاوازییه‌كانی له‌گه‌ڵ كابینه‌كانی پێشوو پیشانبدات. هه‌روه‌ها ئه‌مینداری یه‌كگرتوو دژی بیرۆكه‌ى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ نییه‌ كه‌ بڕیاره‌ به‌ناوی( ئه‌نجومه‌نی دیاریكردنی به‌رژەوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم دروستبكرێت) و بارزانی سه‌رۆكی بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتووه‌وه‌ پێیان باشه‌ به‌ته‌واوه‌تی دژی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بن.

یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، له‌هه‌ڵبژاردنی ٣٠ ئه‌یلولی ساڵی رابردوو، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و بزاڤی گه‌شه‌، به‌یه‌ك لیست به‌شداریكرد و پێنج كورسى  په‌رله‌مانى كوردستانى به‌ده‌ستهێنا. دواى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بڕیاریدا ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن و به‌شدارنه‌بێت له‌ حكومه‌ت.