کوردستان

05:50 - 28/07/2019

هه‌وڵده‌درێت كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ببرێته‌ به‌غدا‌

پەیسەر

هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، ببرێته‌ به‌غداو له‌باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانان به‌رێوه‌بچێت. ئه‌ندامێكى كوردى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش ده‌ڵێت، عه‌ره‌ب و توركمان و به‌شێكى كوردیش، رازى نین له‌به‌غدا كۆبوونه‌وه‌ بكرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌شاری به‌غدا به‌چاودێری عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران به‌رێوه‌بچێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، پێشنیاركراوه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق به‌رێوه‌بچێت و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش به‌شدارده‌بێت له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ش ده‌بێت، كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و دیاریكردنی پارێزگاره‌.

ئازاد جه‌بارى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك به‌ په‌یسه‌رپرێس-ى راگه‌یاند، بیستوویانه‌ كه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌ بەغدا كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا كاته‌كه‌ى دیارنییه‌. گوتیشى:"عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان بڕیارى كۆتاییان داوه‌ كه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا ناچنه‌ به‌غدا، به‌شێك له‌ ئه‌ندامه‌ كورده‌كانیش ناچن، بۆیه‌ دیار نییه‌ به‌رنامه‌كه‌ سه‌ركه‌وتووده‌بێت یاخود نا".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ماوه‌ى مانگێكه‌ یه‌كێتى و پارتى رێككه‌وتوون، ده‌رباره‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك، به‌ڵام به‌هۆى كه‌مته‌رخه‌مییه‌وه‌ تائێستا هه‌نگاوه‌كان ده‌ستیانپێنه‌كردووه‌.

یه‌كێتى و پارتى پێش پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم، رێككه‌وتن له‌سه‌ر كاندیدێكى هاوبه‌ش بۆ پارێزگارى كه‌ركوك، به‌ڵام تائێستا نه‌یانتوانیوه‌ پارێزگارى نوێ بۆ كه‌ركوك دابنێن، ئه‌گه‌رچى خاوه‌نى زۆرینه‌ى ره‌هاى  كورسییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوكن.