کوردستان

05:28 - 28/07/2019

كۆمه‌ڵ پرۆژه‌ بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌ ناڕازییه‌كانى پێشكه‌شده‌كات‌

پەیسەر

كۆمه‌ڵی ئیسلامی، پرۆژه‌یه‌كی بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ى ئه‌ندام و به‌رپرسه‌ ناڕازییه‌كانى ئاماده‌ كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو حزبه‌كه‌. یه‌كێك له‌و ئه‌ندامانه‌ى ده‌ستیله‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت، ئه‌سته‌مه‌ پرۆژه‌ ئه‌وان بگێڕێته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌چاودێری عه‌لی باپیر ئه‌میری حزبه‌كه‌، پرۆژه‌یه‌كی ئاماده‌كردووه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كانی، له‌ناوه‌رۆكی پرۆژه‌كه‌شدا داوایان لێكراوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو حزب و له‌كۆنگره‌ی چواره‌مدا كه‌ بڕیاره‌ ئەمساڵ ببه‌سترێت، بۆچوون و تێبینی و ره‌خنه‌كانیان باسبكه‌ن، به‌شێكیش له‌ داواكارییه‌كانیان بخرێته‌ ده‌نگدان و به‌شێكی تریش، به‌هه‌موولایه‌ك كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.

له‌ پرۆژه‌كه‌دا گره‌نتی ئه‌وه‌ به‌ناڕازییه‌كان دراوه‌، هیچ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ به‌هۆی ره‌خنه‌وه‌ رووبه‌ڕووی سزا و لێپرسینه‌وه‌ نابێته‌و. ئاماژه‌به‌وەشكراوه‌، له‌ناو ئه‌نجومه‌نی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و مه‌ڵبه‌نده‌كان بڕیار به‌ده‌نگدان ده‌ بێت، به‌جۆرێك له‌ناو مه‌ڵبه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵ به‌ده‌نگدان كاندیدی په‌رله‌مان و حكومه‌ت (ئه‌گه‌ر به‌شداری بكه‌ن له‌حكومه‌ت) یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، سه‌ركردایه‌تی ده‌ستوه‌ردان نه‌كات و له‌ناو ئه‌نجومه‌نی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیش، بڕیار به‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌بێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر كه‌له‌سه‌رچاوه‌ى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون، كۆمه‌ڵ پێشنیارى ئه‌وه‌شى كردووه‌، ئه‌گه‌ر ناڕازییه‌كان پرۆژه‌كه‌یان په‌سه‌ندنه‌كرد ئه‌وا خۆیان پرۆژه‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ ئاماده‌بكه‌ن و داواكاری و تێبینیه‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو. 

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كانى كۆمه‌ڵ كه‌ نه‌یویست ناوى بهێندرێت، بۆ په‌یسه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد،"پرۆژه‌ گرنگ نییه‌ و بڕیارى جددى گرنگه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كان، ناكرێت هه‌ركه‌سێك به‌ ئاره‌زووى خۆى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى پرۆژه‌یه‌ك ئاماده‌ بكات".

گوتیشى، پێش قۆناغى ئاماده‌كردنى پرۆژه‌،"پێویسته‌ بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئێمه‌ بۆناو كۆمه‌ڵ و بڕیارى ئه‌وان بۆ پێكه‌وه‌ كاركردن هه‌بێت، تا ئێستا ئه‌م دووبڕیاره‌ نیین. ئێستا په‌یوه‌ندییمان به‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامییه‌وه‌ نه‌ماوه‌و به‌م شێوازه‌ى كاركردنى ئێستاوه‌ ئێستاوه‌ ئاماده‌نین بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵى ئیسلامى".

رۆژی ١٩ی نیسانی ئه‌مساڵ، سێ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ناوه‌كانی  سه‌لیم كۆیی و سه‌عید هه‌ركی و ئیسماعیل ره‌سوڵ، ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌ و دواتریش ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی دیکەی ئه‌و حزبه‌ به‌هه‌مان شێوه‌، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان راگه‌یاند.