کوردستان

10:37 - 11/12/2018

په‌یسه‌رپرێس داواكارییه‌كانی یه‌كێتی له‌ پارتی ئاشكرا ده‌كات‌

پەیسەر

ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و  پارتی له‌ شاری هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌، په‌یسه‌رپرێس ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و داخوازییه‌كانی یه‌كێتی بڵاوده‌كاته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوو حیزب به‌ په‌یسه‌رپرێس گه‌یشتووه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی و  پارتی به‌ نێوه‌ندگیری لایه‌نی عێراق و به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌نجامدراوه‌.

یه‌كێتی و پارتی پێشتر نیگه‌رانبوون له‌ سیاسه‌ته‌كانی یه‌كتر و له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار ناكۆكییه‌كان گه‌یشته‌ لوتكه‌ و پارتی وه‌ك تۆڵه‌ له‌ یه‌كێتی له‌ڕێی په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كانیه‌وه‌، رێگری كرد له‌ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی داد و دانانی پارێزگاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌.

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئه‌مڕۆ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی هه‌ولێردا پڕۆژه‌یه‌ك ده‌خاته‌به‌رده‌م پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ش یه‌كێتی ده‌یه‌وێت له‌ 40%پۆست و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم بۆ ئه‌و و له‌ 60%یشی بۆ پارتی بێت.

هه‌ر له‌و پرۆژه‌ی یه‌كێتیدا هاتووه‌، ئه‌گه‌ر پارتی به‌ پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی رازی بێت ئه‌وا یه‌كێتی ئاماده‌یه‌، یاسای سه‌رۆكایه‌تی هەرێم بەپێی خواستی پارتی هەموار بكەنەوە.
پێشتر یه‌كێتی نیشتیمانی هۆشداری دا بووبه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌گه‌ری دابه‌شكردنی پۆسته‌كان به‌ پێی ژماره‌ی كورسی، ئه‌مڕۆش ته‌وه‌رێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسكردن ده‌بێت له‌سه‌ر ئیستیحقاقه‌كانی یه‌كێتی له‌ كابینه‌ی داهاتوو.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ باس له‌وه‌كرا، پارتی به‌ نیازه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و سێ وه‌زاره‌ت له‌ كابینه‌ی داهاتوو بداته‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیش له‌و ده‌نگۆیانه‌ نیگه‌رانه‌ و نایه‌وێت پارتی به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان بكات.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتی كه‌ ناوه‌كه‌ی بۆ خوێنه‌رانی په‌یسه‌رپرێس ئاشكرا نه‌كرد، گوتی: یەكێتی لەكۆبونەوەكەی ئەمرۆدا پرسی پارێزگاری كەركوك و وەزیری دادی عێراق وپۆسته‌كانی هه‌رێم و رێككەوتنێكی نوێی ستراتیژی لەگەڵ پارتی تاوتوێ دەكات.