کوردستان

04:11 - 27/07/2019

توركیا جارێكى دیكه‌ داواى راده‌ستكردنى مه‌زڵوم داغ و هاوكاره‌كانى ده‌كات‌

پەیسەر

  توركیا جارێكى دیكه‌، داوای راده‌ستكردنی تۆمه‌تبارانی هێرشه‌كه‌ی ریستۆرانتی هۆقه‌بازی هه‌ولێر ده‌كاته‌وه‌. پارتیش تا ئێستا وه‌ڵامى داواكه‌ى نه‌داوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، بڕیاره‌ له‌چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا ئه‌و تیمه‌ توركییه‌ی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌رووداوه‌كه‌ی هه‌ولێر هاتبوونه‌ هه‌رێمی كوردستان، كۆتایی به‌كاره‌كانیان بهێنن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ توركیا.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، شه‌وی رابردوو جارێكی دیکە توركیا داوای راده‌ستكردنی تۆمه‌تبارانی رووداوه‌كه‌ی له‌پارتی كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا له‌ناو خاكی توركیا دادگاییان بكات، به‌ڵام تائێستا پارتی وه‌ڵامی ئه‌و داواكاریه‌ی نه‌داته‌وه‌.

ئه‌وه‌ دووه‌م جاره‌ توركیا به‌فه‌رمى داواى راده‌ستكردنى تۆمه‌تبارانى رووداوه‌كه‌ ده‌كات، به‌پێی بڕگه‌ی یه‌ك لە مادده‌ی ٢١ له‌ده‌ستوری عێراق، نابێت هیچ هاوڵاتییه‌كی عێراقی راده‌ستی وڵاتێكی تر بكرێت، هه‌روه‌ها به‌پێی بڕگه‌ی دووی هه‌مان مادده‌، نابێت په‌نابه‌ری سیاسی به‌زۆر راده‌ستی وڵاته‌كه‌ی بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ پێده‌چێت داواكارییه‌كه‌ی توركیا رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ ببێته‌وه‌.