کوردستان

04:02 - 27/07/2019

پارتى ٢١ پۆست له‌ موسڵ وه‌رده‌گرێت‌

پەیسەر

پارتی هیچ پۆستێكی حكومه‌تى خۆجێیى له‌ موسڵ نه‌دایه‌ یه‌كێتی، و هه‌موو پۆسته‌كانی پشكی كوردی بۆ خۆی یه‌كلایى كرده‌وه‌ كه‌ ٢١ پۆسته‌.

رۆژی سێ شه‌ممه‌ی رابردوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا كۆبووه‌وه‌، تێیدا چه‌ند پۆستێكی كارگێری پارێزگاكه‌ی یه‌كلایی كرایه‌وه‌، به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ كوتله‌كانى پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی، السند و حزبی ئیسلامی رێككه‌وتنی كردووه‌ بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی نه‌ینه‌وا.

به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ٢١ پۆست وه‌رده‌گرێت، كه‌ (  به‌رێوه‌به‌رانى گشتی ته‌ندروستی، فه‌رمانگه‌ی ئاو، كشتوكاڵ، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، یاریده‌ده‌ری به‌رێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌، یاریده‌ده‌ری به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگاكه‌) له‌ناو ئه‌و پۆستانه‌دا كه‌ پارتى وه‌ریگرتوون.

ئه‌حمه‌د نازم دووبه‌ردانی له‌پشكی پارتی، پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی نه‌ینه‌وای وه‌رگرتووه‌، بڕیاریشه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا پۆسته‌كانی دیكه‌ش راده‌ستبكرێت. پارتی هیچ پۆستێكی  نه‌ینه‌وای نه‌دایه‌ یه‌كێتی، به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس هه‌نگاوه‌كه‌ی پارتی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دابووه‌، كه‌ یه‌كێتی ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا له‌كه‌ركوك، به‌یه‌ك لیست له‌گه‌ڵ پارتی به‌شداری بكات.

دوای دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی نه‌ینه‌وا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی له‌و پارێزگایه‌ راگه‌یاند. ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌كاتێكدایه‌ بڕیاره‌ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق به‌رێوه‌بچێت، به‌وپێیه‌ش ئه‌م دابه‌شكارییه‌ بۆ چه‌ند مانگێكه‌.