کوردستان

03:04 - 27/07/2019

هه‌ڵوێستى ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌رى شه‌ڕى پارتى و په‌كه‌كه‌‌

پەیسەر

ئه‌مریكا هۆشداری ده‌داته‌ پارتی، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌رى هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌، واشنتن به‌فه‌رمى داوایكردووه‌ پارتى نه‌بێته‌ به‌شێك له‌ كێشه‌ى توركیا و په‌كه‌كه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، شه‌وی رابردوو به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مریكا، په‌یوه‌ندی به‌نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ كردووه‌ و هۆشداری داوه‌ له‌هه‌ڵگریسانی شه‌ر له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌، داواشیكردووه‌ پارتی نه‌بێته‌ به‌شێك له‌كێشه‌كانی په‌كه‌كه‌و توركیا.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى به‌ په‌یسه‌ر گه‌یشتوون، به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌ به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌ئاڵۆزبوونی دۆخی هه‌رێم ده‌ڕوانن و پاراستنی سه‌قامگیری و ئاسایشی كوردستانیشیان به‌لاوه‌ گرنگه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌مووان به‌به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌دا مامه‌ڵه‌بكه‌ن.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی واشنتن دوای ئه‌وه‌دێت كه‌ پارتی سوپای شه‌شی زێره‌ڤانی، له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌واوه‌ گواسته‌وه‌ بۆ بارزان و برادۆست، گومانی ئه‌وه‌ش ده‌كرا كه‌ بۆ راگرتنى جموجوڵى په‌كه‌كه‌ ئه‌و هێزه‌ ره‌وانه‌كرابێت.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان دانپێدانانى تۆمه‌تبارانى رووداوى كوشتنى عوسمان كۆسه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ و په‌كه‌كه‌ به‌ ده‌ستى پشت رووداوه‌كه‌ تۆمه‌تباركرا، دوای ئه‌و هه‌نگاوه‌ پارتی ژماره‌یه‌ك له‌هێزه‌كانی به‌ئاراسته‌ی ناوچه‌ی برادۆست جوڵه‌پێكردووه‌ و به‌رپرسێكى باڵاى پارتی، قسه‌ى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى توركیا كردووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى توركیا گفتوگۆى له‌گه‌ڵ كردووه‌.

په‌كه‌كه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ رووداوى كوشتنى عوسمان كۆسه‌ى دیبلۆماتكارى تورك له‌ هه‌ولێر، كه‌ هه‌ندێك ده‌ڵێن كارمه‌ندى میت بووه‌، په‌یوه‌ندى به‌وانه‌وه‌ هه‌بێت، پارتى و توركیاش په‌كه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.