کوردستان

01:23 - 26/07/2019

بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرە نین‌

پەیسەر

بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرەی حیزبەكەیان نین، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ترسیان هەیە پێگەكانیان لەدەست بدەن.

هەرچەندە تائێستا هیچ وادەیەك بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دیارینەكراوە، بەڵام داواكارییەكان بەو ئاراستەیەن، كۆتایی ئەمساڵ ئەو كۆنگرەیە ئەنجامبدرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بەپەیسەرپرێس، لەگەڵ زیادبوونی دەنگەكان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە، لەناو سەركردەكانی یەكێتیش دەنگ بەرزبووەتەوە، بەوەی یەكێتی ئێستا بۆ بەستنی كۆنگرە ئامادەنییە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو سەركردانە زیاتر بەرپرسیارییان لەناو مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌و پێگە هەستیارەكانی یەكێتی هەیە، بۆیە بیانوو دەهێننەوە بۆ بەستنی كۆنگرە، چونكە پیانوایە جارێكی تر لەناو كۆنگرە ناتوانن پێگەكانیان دەست بخەنەوە.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، ئەو سەركردانەی یەكێتی، كە زیاتر سەركردە سەربازییە بەتەمەنەكانی ناو حیزبەكەن، لەهەوڵی ئەوەدان بەرەیەك دروست بكەن، بۆ ئەوەی رێگربن لەئەنجامدانی كۆنگرەو كێشەی بۆ دروست بكەن.

یەكێتی دەبوو لەساڵی 2014 كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكە تائێستا نەتوانراوە ئەو كۆنگرەیە ببەسرێت، كە ئەوەش كێشەكانی ئەو حیزبەی زیاتر كردووە.