کوردستان

09:10 - 25/07/2019

مه‌رجى هه‌رێم بۆ راده‌ستكردنى نه‌وت به‌عێراق‌

پەیسەر

حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، رازیبووه‌ به‌راده‌ستكردنی ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ به‌حكومه‌تى عێراق، به‌ڵام چه‌ند مه‌رجێكى هه‌یه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بۆ په‌یسه‌رپرێس، له‌كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى نێوان شاندى عێراق‌ و هه‌رێمى كوردستان، كه‌ له‌هه‌ولێر ئه‌نجامدرا، باسى پرسى راده‌ستكردنى داهاتى نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ بە به‌غدا كراوه‌.

هه‌ر به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌، هه‌رێمی كوردستان بۆ راده‌ستكردنی داهاتی ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ره‌زامه‌ندى نیشانداوه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ چه‌ند مه‌رجێكى خستووه‌ته‌ڕوو، تاراده‌یه‌كیش لایه‌نى عێراقى به‌مه‌رجه‌كان رازى بوون.

له‌باره‌ی مه‌رجه‌كانەوە، سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكرایكرد، هه‌رێم داوایكردووه‌، كه‌ عێراق هه‌موو مانگێك له‌كاتى خۆیدا، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌ و پێشمه‌رگه‌ و ته‌واوی به‌شه‌ بودجه‌ش بنێرێت. هه‌روه‌ها به‌غدا پابه‌ندده‌بێت به‌ناردنی موچه‌ى سێ مانگى فه‌رمانبه‌ران‌و پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، كه‌ به‌هۆى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێرو عێراق له‌سه‌ره‌تاى ساڵ فه‌وتاون.

یاساى بودجه‌ى عێراق له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دارێژرابوو، كه‌ ده‌بێت هه‌ولێر رۆژانه‌ داهاتى ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل راده‌ستى به‌غدا بكات، به‌وه‌ش عێراق پابه‌ند ده‌بێت به‌ناردنى به‌شه‌ بودجه‌و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم. به‌ڵام به‌هۆى نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنى هه‌ردوولا، یاساكه‌ وه‌ك خۆى جێبه‌جێنه‌كراوه‌و ئێستا له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا هه‌وڵه‌كان چڕكراونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ربكرێت.